کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووریە: کشانەوەی هێزەکانی ئێران گفتوگۆی لە سەر ناکرێت

19:19 - 2 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: "فەیسەل میقداد" باسی لەوە کردوەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە سووریه جێی گفتوگۆ نیە و پێوەندی بە خۆمانەوە هەیە.

هەواڵدەریی "ئێسپۆتنیک"ـی ڕووسیه لە زاری "فەیسەل میقداد" جێگری وەزارەتی دەرەوەی سووریه بڵاوی کردووەتەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە سووریه جێی گفتوگۆکردن نیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئامریکا داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد لە شەڕی ناوخۆی سووریەدا بکشێتەوە.

میقداد جەختیشی کردووەتەوە، کشانەوە یا خوود مانەوەی هێزەکانی ئێران یا خوود حیزبوڵڵا جێی گفتوگۆکردن نیە، چونکە ئەوە بابەتێکە پێوەندی بە حکوومەتی سووریەوە هەیە.

میقداد لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، دەمشق بەنیازە هەموو خاکی سووریە بگرێتەوە و ئامانجی دواتر لەوانەیە باکوور یا خوود باشووری وڵاتەکەی بێت.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی ئەنجام بدات و واز لە بەرنامە ناوکییەکەی بهێنێت و لە شەڕی ناوخۆی سووریەش بکشێتەوە، ئەگەر نا ڕووبەڕووی سزایەکی توندی ئابووری دەبێتەوە.

پۆمپێئۆ هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا کە ئەو ڕێژیمە دەبێ هەموو هێزەکانی خۆی لە سووریه بکشێنێتەوە.

ئەو بەرپرسە پایەبەرزەی ئامریکا ڕۆژی ڕابردوو لەو پرێس‌کۆنفڕانسەدا باسی لەوە کرد ئەو ئەرکانەی کە ڕێژیمی ئێران دەبێ جێبەجێی بکات دژوار نین و ساکارن و زۆربەی وڵاتانیش هەر ئەو کارانە دەکەن، ئێمە وتوومانە کە پشتیوانی لە تێرۆریزم مەکەن ئەوە شتێکی خەیاڵی نییه.

ناوبراو لە قسەکانیدا جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران کردەوەی تێکدەرانە دژی دراوسێ و وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات، بەڵام واشنتۆن دژی ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران دەوەستێتەوە.