کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتی کردن بە کەسایەتیی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان

21:30 - 17 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم وای کردووە، بوومەلەرزەلێدراوان بە بڵاوکردنی ڤیدئۆ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای یارمەتی لە خەڵک بکەن.

ڕێژیمی ئێران، لە ڕووداوی سروشتیی بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان، بۆ لەنێوبردنی باری دەروونیی خەڵکی پارێزگای کرماشان و سووکایەتی کردن بە نەتەوەی کورد کەڵک وەردەگرێت و کارەکانی لەو پێوەندییەدا هێندە لاواز و بەرتەسکە، کە خەڵکی ئەو ناوچانە لە گرتە ڤیدئۆیییەکاندا باس لە چەرمەسەری و هەژاری و گیروگرفتەکانیان دەکەن.

داواکاریی بوومەلەرزەلێدراوان هەتا ئاستێکە، کە بۆ داوای یارمەتی، بە دانانی ژومارە تەلەفۆن و ناونیشانی شوێنی نیشتەجێبوونیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چاوەڕوانی پاڵپشتیی خەڵک دەکەن.

ئەو گرتە ڤیدئۆیییە دڵتەزینانە چەندین نموونەیان هەیە، وەکوو ئەمانە: بنەماڵەیەک کە دەڵێن: "پێویستمان بە کانکس و حەمام و ئاودەست هەیە، ئەگەر کەسێک دەتوانێت یارمەتیمان بدات، وەرن بیبینن، بە خوا پیرەژنی پەککەوتوومان هەیە کە بۆ ڕۆیشتن بۆ حەمام کێشەی هەیە".

"سڵاو من دوو منداڵم هەیە، کە کوڕەکەم یەک ساڵییەتی و کچەکەشم تەمەن شەش ساڵە، هاوسەرەکەم نەخۆشە و ناتوانێت کرێکاری بکات، بۆ خۆشم نەخۆشی چاوم هەیە، کە دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکەم، بۆ ئەوەیش دەبێ بڕۆم بۆ تاران یان شیراز، بەڵام تواناییی ئەو کارەم نییە و کرێنشینین، ماڵمان وێران بووە، بۆ خاتری خودا بە تەنیامان مەهێڵێن".

زۆر نموونەی دیکە وەکوو: بنەماڵەیەک کە باوک و برا و کوڕ و سێ کچەکەی کوێرن و بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیان، دایکیان کرێکاری دەکات.

هەزاران نموونەی دڵتەزینی دیکە هەن، کە ڕۆژانە لێقەوماوان لەگەڵی بەرەوڕوو دەبن و تواناییی چارەسەریان نییە و ڕێژیمیش بەئەنقەست گرنگی نادات، گوشاری ژیانی نالەبار وای کردووە، کە داوا لە خەڵک بکەن یارمەتیان بدەن و ئەم بارودۆخە کاریگەرییەکی دەروونیی مەترسیداری لەسەر ئەو خەڵکە هەیە.

تەنانەت ئەو کەسانەی کە ڤیدئۆوەکان دەبینن، لە بواری دەرونییەوە تێک دەچن و ڕێژیم دەیەوێت لەو ڕێگەوە سیمای نەتەوەی کورد ناشیرین پیشان بدات و ئیرادەی نەتەوەیی لە کورد بستێنێتەوە.