کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتیکردن بە نەتەوەی بەلووچ، ناڕەزایەتیی جەماوەری لێ کەوتەوە

18:19 - 6 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی سووکایەتیکردن بە نەتەوەکانی ئێران، ئەم جارە نەتەوەی بەلووچ کراوەتە ئامانج.

حەمید سەمسام، ئەندامی لێژنەی زانستیی گرووپی ئەدەبیاتی زانکۆ ئازادی زاهدان، بە بڵاوکردنی گرتە ڤیدئۆیەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕوانگەی فاشیستییەوە سووکایەتی بە نەتەوەی بەلووچ و خوێندکارەکانی خۆی کردووە و بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان.

قسەکانی ئەو مامۆستایە، بووەتە هۆی دڵگرانیی خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان و چالاکانی مەدەنی، خوێندکاران و خەڵکی ئەو پارێزگایە، لە زۆربەی ناوچەکان، ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بە خۆپیشاندان ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر کردەوە فاشیستییەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە.

سیستان و بەلووچستان لە هەژارترین پارێزگاکانی ئێرانە و ئاستی خۆشبژیوی ژیان لەو ناوچەیە لە قەیراندایە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕاستای سیاسەتە نامرۆڤانەکانی، بەئەنقەست کرنگی بە خەڵکی ئەو پارێزگایە نادات، کە ئەمە بۆ خۆی گەورەترین سووکایەتییە بەو نەتەوە.

میدیاکانی ڕێژیم ئێران بە وەرگرتنی بوودجەیەکی زۆر، بەردەوام بە پیلانداڕشتن و سازکردنی بەرنامە، لە ڕاستای ئاسمیلاسیۆن و هەڵاواردنی نەتەوەیی و سووکایەتیکردن بە نەتەوەکانی ئێران چالاکی دەکەن و بەرپرسانی ڕێژیم لە سەرتاسەری ئێراندا پەرە بەو بیروکە دواکەوتووانە دەدەن.