کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتییەکانی کاناڵی تەلەفزیۆنی "من و تو" دژکردەوەی لێکەوتەوە

10:51 - 4 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پاش سووکایەتی پێشکەشکارێکی کاناڵی فارسی زمانی "من و تو" بە گەلی کورد کە هەندێک چالاکی سیاسی وەک هەوڵێک بۆ دووبەرەکی‌نانەوە لەنێوان ئەم گەلە، لێکیان داوەتەوە، چالاکانی فەرهەنگی و سیاسی و خەڵکی ئاسایی بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دژکردەوەیان نیشان دا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە یەکێک لە بەرنامەکانی کاناڵی تەلەفزیۆنی "من و تو" کە تێیدا پێشکەشکاری بەرنامەکە بە سووکایەتییەوە باسی کورد دەکات و لە هەوڵێکی شەرمێونانەدا هەوڵی دووبەرەکی‌نانەوە و گاڵتەکردن بە شێوەزاری کوردانی کرماشان دەدات، هەشتەگێک بە ناوی "#کرماشان_دڵی_کوردستان" دانرا و تێیدا بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتوندی ئەم هەوڵەی تەلەفزیۆنی ئاماژەبۆکراویان شەرمەزار کرد.

ئەم سووکایەتی پێکردنە بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی کوردی هێنایە دەنگ و بەشی زۆریان وێڕای مەحکووم کردنی ئەم جۆرە کردارانە کە وەک هەوڵێکی شۆڤێنیستی ناویان لێ بردووە و داوایان لە بەڕێوەبەریی کاناڵەکە کردووە کە بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کوردی خاوەن مێژوو و شارستانییەت بکەن.

هاوکات لە ناوخۆی کوردستانیش چەندین هاووڵاتی و هونەرمەندی کورد خەڵکی شارەکانی سنە و کرماشان، بە گرتنی گرتەی ڤیدیۆیی لە خۆیان زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەم کردەوەگەلەیان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە کورد یەک میللەتە و ئەم جۆرە کارانەش ناتوانێ ببێتە هۆی لێکترازانی ڕیزەکانی گەل.

ئەمە یەکەمجار نییە کە کاناڵە فارسی زمانەکان کاری لەم چەشنە دەکەن و پێشتریش ڕاگەیاندنە فارسی زمانەکان بەتایبەت لە ئێران و ئەوانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە دەزگای ویلایەتی فەقیهن، هەڵیانکووتاوەتە سەر مێژوو و فەرهەنگ و دابونەریتی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد و بەمشێوەیە ویستوویانە بە سووک پیشاندانی کلتووری نەتەوەکان خۆیان وەک نەتەوەی باڵادەست پیشان بدەن!