کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوپای پاسداران و پێشنوێژی شاری پاوە پێشیان لە بەڕێوە چوونی فستیڤاڵی هەنار لەو شارە گرت

18:24 - 2 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: هێزە سەرکوتکەرەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران بە هاوکاری پێشنوێژ و نوێنەری وەلی فەقیی لە شاری پاوە، پێشیان لە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی ساڵانەی "هەنار" لەو شارە گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا فستیڤاڵی ساڵانەی "هەنار" لە شارۆچکەی بایەنگان سەر بە شاری پاوە کە لە لایەن کۆمەڵیک لە چالاکانی فەرهەنگی و "کۆمپانیای تەعاوەنی نیک ئەندیشان"ـی ئەو شارۆچکەیە بۆ ڕۆژی هەینی ۱۸ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ۹ی نۆڤامبر، بە بەشداری چەندین شاری کوردستان و ئێران ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران بە هاوکاری مەلا قادر قادری پێشنوێژ و نوێنەری وەلی فەقیی لە شاری پاوە، هەڵوەشایەوە.

دژایەتییەکانی مەلاقادر قادری و هێزەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران لە سەر بەڕێوەچوونی ئەو فستیڤاڵە بۆ چەند ڕۆژ پێش دەگەڕێتەوە کە مەلا قادر و ماڵپەڕەکانی نزیک لە بناژۆخوازانی ڕێژیم لە شاری پاوە، بە توندی ڕەخنەیان لە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی چەند ڕۆژ پێشی ناوچەی هەورامان گرت.

رۆژی پێجشەممە ۲۶ی ڕەزبەر بەرانبەر ۱۸ی ئۆکتۆبر و ڕۆژی هەینی ۲۷ی ڕەزبەر بەرانبەر ۱۹ی ئۆکتۆبر، فستیڤاڵی "هەنار" لە دوو گوندی "سلێن" و "ناو" لە ناوچەی هەورامان بە بەشداری هەزاران کەس لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو، نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم لە نوێژی هەینیدا بە توندی هێرشی کردە  سەر بەڕێوەچوونی ئەو فستیڤاڵە و بەڕێوەبەرەکانی.

پێشنوێژی هەینیی شاری پاوە لە بەشێکی قسەکانیدا وتبووی: "ئێمە وەها ڕێوڕەسمگەلێکمان نەبووە کە کچ و کوڕ بە تێکەڵی کۆببنەوە و ببێتە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکان، ئەم ڕێوڕەسمانە لە دەوڵەتی ئێستە و دەوڵەتی پێشووتردا بوونەتە باو".

فستیڤاڵی "هەنار" ساڵانە لە شوێنە جیاجیاکانی ناوچە "هەورامان"ـی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری هەزاران کەس لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران، بەڕێوە دەچێت، کە زۆر جار ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم کێشە بۆ بەڕێوەچوونی فستیڤاڵەکە دروست دەکەن یان پێش لە بەڕێوەچوونی دەگرن.