کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"سوئیفت" تەحریم دەکرێت

11:27 - 6 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: خەزێنەداریی ئامریکا لە هەوڵ دایە "سوئیفت" بە هۆی هاوکاریی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران تەحریم بکات کە بەو پێیە ڕێژیمی ئێران لە سیستمی نێودەوڵەتیی بانکی وەلا دەنرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ئێستاکە لە هەوڵ دایە گەمارۆی ئابووری دژی ئەنجومەنی پێوەندیی ماڵیی نێوان بانکیی نێودەوڵەتی "سوئیفت" پەسند بکات و ناچاریان بکات کە ڕێژیمی ئێران لە سیستمی جیهانیی بانکداری وەلا بنێت.

ڕۆژنامەی "شەرقەلئەوسەت" لەوباریەوە نووسیویەتی: "ئەو هەوڵەی ئامریکا چەند ڕۆژ پێش پەسندکردنی خولی دووهەمی گەمارۆئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ دەکرێت".

"ستیوێن منوچێن" وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا، بۆ جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵەیە دەستی بە دانوستان کردووە و جەختی کردووەتەوە کە لە هەموو شێوەکانی دەوڵەتی خۆم کەڵک وەردەگرم هەتا دڵنیا بم هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ ئێران ناکرێت".

لە پێوەندی لەگەڵ کۆتاییهێنان بە کڕینی نەوتی ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە کڕیارانی نەوتی ئەم وڵاتە لە هەوڵدان، هەتا سپتامبێر کۆتایی بە کڕین و بازرگانیی ئەو کەرتە بێنن.

دانڵد ترامپ ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ چوار ڕۆژ پێش وادەکەی لە ڕێککەوتنی ناوکیی (بەرجام) کشایەوە و سەرەڕای کشانەوەی لەو ڕێککەوتننامەیە، گەمارۆوە ئابوورییەکانیشی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاد کرد و بڕیاریشی دا پیشەی نەوت و هەناردەکردنیشی بخاتە نێو گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە.

 جیا لە کەرتی ئابووری، گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کەسایەتییە سەربازی، ئەمنییەتییەکان و بەتایبەت ئەو کەس و کۆمپانیایانەی ئێران و سپای پاسدارانیش دەگرێتەوە، کە هاوکاریی گرووپەکانی حیزبوڵڵا و حەماس دەکەن.

داهاتی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لە نەوت دابین دەکرێت و ئابووریی ئەو وڵاتە پشتی بە نەوت بەستووە، بەڵام لە دوای پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکان دژی ئەو ڕێژیمە ئێستە ئابوورییەکەی بەرەو داڕمان دەڕوات.