کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"سویفت" دەسپێڕاگەیشتنی هەندێک لە بانکە ئێرانییەکان بە تۆڕەکەی خۆی هەڵپەسارد

11:23 - 15 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دابینکەری جیهانی خزمەتگوزارییە ماڵییەکان ناسراو بە "سویفت" دەسپێڕاگەیشتنی بەشێکی بەرچاو لە بانکەکانی ئێران بە تۆڕەکەی خۆی پاش ئیجراکردنی فەرمی تەحریمەکانی ئامریکا هەڵپەسارد.

پاش ئەوەیکە مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی هەینی ڕابردوو داوای لە سویفت کردبوو ئەو بانکە ئێرانییانەی کە لە لیستەی ڕەشی تەحریمەکانی ئامریکادان لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی وەلا بنێت، سویفت لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیاری دا گویڕایەلی داواکارییەکەی ئامریکا بێت؛ وتوویشیەتی: ئەم بڕیارە بەمەبەستی قازانج، سەقامگرتوویی و یەکدەست کردنی سیستمی ماڵیی جیهانی دراوە.

سویفت پێوەندی زیاتر لە ١١ هەزار دامەزراوەی بانکی، کۆمپانیا و ژێرخانی ئابووری پیکەوە ئیدارە دەکات و خزمەتگوزارییە ماڵییە جیهانییەکان ڕێک دەخات، بەو پێیەش بڕیاری لەم چەشنە دەتوانێ ئامریکا لە ئامانجەکانی سەبارەت بە تەحریمەکان دژ بە تاران نیزیکتر بکاتەوە.