کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاس و پێزانینی حیزبی دێموکرات لە ئاکادیمیسیەن و ڕووناکبیرانی کورد

12:01 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نامەیەکدا سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە ئاکادیمیسیەن و ڕووناکبیرانی کورد کرد.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێزان و سەروەران، ئاکادیمیسیەن و ڕووناکبیرانی کورد

سڵاوێکی گەرم!

نامەکەتان کە بە ناوی ٢٧ کەس لە ئاکادیمیسیەن، ڕۆژمانەوان، نووسەر، چالاکوانی مەدەنی و ... نێردرابوو، بەدەستمان گەیشت. ئێمەش بە بۆنەی کارەساتی دڵتەزێنی ١٧ی خەرمانان سەرەخۆشی لە ئێوە و هەموو گەلی کورد دەکەین.

 ناوەڕۆکی نامەکە ئاماژە بوو بە هاودەردی لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ١٧ی خەرمانان کە بە پیلانی ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ڕۆژەدا شەهید و بریندار بوون، و هەروەها نیشاندانی هێندێک ڕێکار بوو بۆ یەکڕیزکردنی هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات لەم هەلومەرجەدا کە ڕێژیم هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان توندتر و تیژتر کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کوردی ڕۆژهەڵات لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا کە چاوەڕوان دەکرێ بە یەکدەنگی بەرەنگاری هەرچەشنە کۆسپێک بێتەوە کە لە ڕێگای دەسکەوتەکانی سیاسی کورددا سەر هەڵ دەدەن.

ئێمە ئەو نامەیە بە نیشانەی دڵسۆزی و هەستکردن بە بەرپرسایەتی لە بەرامبەر گەلی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی لە کوردستان و هێزە سیاسییەکانی دەزانین و بە بایەخەوە سەیری دەکەین.

 وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چەند ساڵی ڕابردووشدا دەوری بەرچاومان گێڕاوە لە لێکنزیککردنەوەی هێزە سیاسییەکانی کوردی ئێران، وەک ئاگادارن چەند ساڵ لەوەپێش لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هاوپەیمانییەکمان پێک هێنا کە هەتا ئێستاش بەردەوامە و لە یەکساڵی دواییشدا" ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" پێک هات، کە هەنگاوێکی بەرچاو بوو لە هاوکاری ئەو هێزانە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان و، وەک ئێوەش بە دروستی ئاماژەتان پێکردووە (قبوولکردنی جیاوازییەکان) هەتا ئەو ئاستەی کە نەبنە کۆسپی سەر ڕێگای پێکەوە کارکردن.

لەوە بەدواش ئێمە بە ئامانجی پتەوترکردنی هاوکاری و هاوخەباتی  و کۆدەنگیی نەتەوەیی و نیشتمانیی هێزە سیاسییەکان هەنگاو دەنێین.

داواکارین ئێوەش بە گوێرەی توانا و دەرفەتەکانتان هاوکارمان بن و لەوە بەدواش لە بۆچوونەکانی خۆتان بێبەشمان مەکەن.

سوپاس و سڵاوی دووبارە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسینگەی کارگێری

٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی