کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی حیزبی دیمۆکرات لە پشتیوانییەکانی خەڵکی کوردستان، لایەن و کەسایەتییەکان

23:09 - 16 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمەڕ پشتگیریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەبارەی هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر چەند پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و مەحکووم‌کردنی کوشتنی کورد بە دەستی کورد، سپاسنامەیەکی ئاراستەی لایەن و کەسایەتییەکان و هەروەها کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد.

دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی بەڕێز!
كۆمەڵانی خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان!

هێرشی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان P.K.K لە رێكەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی بۆسەر تیمێك لە كادر و پێشمەرگانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، شەپۆلێكی بەرینی لە مەحكووم‎كردنی ئەو هێرشە ناڕەوایە و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە پێشگرتن بە خەباتی خەباتكارانی كورد لە كوردستانی ئێران بە دوای خویدا هێنا و پشتیوانییەكی لێبڕاوانەی لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لێ كەوتەوە.

لەو پێوەندیەدا كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوێرانە بەرانبەر بەم كردەوە ناڕەوایەی P.K.K دەنگیان هەڵبڕی و بە پێوەندی‌گرتن لە رێگای جۆراوجۆرەوە هەستی نیشتمانپەروەری و خوشەویستیی خۆیان بەرامبەر بە حیزبی دێموكرات لەوپەڕی دڵسۆزیدا دەربڕی و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر هەنگاوێكی پێویست راگەیاند.

حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان بەگشتی و حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستانی خۆرهەڵات بە تایبەتی بە گرتنی هەڵوێستی شیاو ئەو كردەوەی P.K.Kیان بە ناڕەوا زانی و زۆربەیشیان پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هەر شێوە كار و هاوكارییەك دەربڕی. شەڕی كورد بە دژی كوردیان مەحكووم كرد و سیاسەت و هەڵویستی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هەوڵەكانی ئەم حیزبەیان بۆ پێداگری لەسەر دیالۆگ و دانیشتن و دۆزینەوەی رێگاچارەیەك كە بەرژەوەندیی هەموو لایەك دابین بكا، بە بەرپرسانە و جێگای پەسند زانی.

زۆربەی رێكخراوە مەدەنییەكان و كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان بە دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان و ناڕەوا زانینی ئەم كردەوەی P.K.K دەنگی خۆیان بۆ چارەسەریی كێشەكە بە جۆرێك كە بەرژەوەندیی هەموو لایەك دابین بكا، خستە پاڵ دەنگی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.

كادر و پێشمەرگە خەباتگێڕەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەرەڕای خۆبەدوور گرتن لە هەر كێشە و ئاڵۆزییەك كاتێك كەوتنە بەر هێرش، بەو پەڕی ئامادەیی و بە نیشاندانی ئیرادەی خۆڕاگری و بەرخۆدان، كەوتنە بەرگری و پاراستنی كەرامەتی حیزب، لەو پێوەندییەدا ئەوەی شایانی پێشمەرگەیەكی دێموكرات بوو لە خۆیان نیشان دا.

كیژان و كوڕانی كەمپەكانی حیزب بەرگی پێشمەرگایەتییان پۆشی و ئەركی پاراستن و وریابوونیان لە بەرامبەر هەر پیلانێكدا وەئەستۆ گرت.

ئەندامانی حیزب چ لە كوردستانی خۆرهەڵات و چ لە لە باشووری كوردستان پێوەندییان بە بنكەكانی حیزبەوە كرد و ئامادەیی ئەنجامدانی هەر ئەركێك بوون كە حیزبەكەیان بۆیان دەستنیشان بكا و بە كردەوە ئەم بەڵێنەیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بردە سەر. ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات ئەوپەڕی پەرۆشیی خۆیان نیشان دا‌ و تەنانەت بەشێكیان خوازیاری گەڕانەوە بۆ كوردستان و جێگرتن لە ریزی پێشمەرگەدا بوون.

بنەماڵەی بەڕیزی شەهیدان كە بەو كردەوەی P.K.K جارێكی دیكە زامی شەهیدبوونی رۆڵەكانیان لێ‌نوێ بووەوە، كەوتنە پشتگیری حیزبی شەهیدەكانیان.

هەیئەتی دیاریكراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەریی ئەو مەسەلەیە بە پەرۆشێكی تەواوە هەوڵی دانیشتنی سێ‌قۆڵیی دا كەلە هێوەركردنەوەی وەزعەدا شوێندانەر بوو.

یەكیەتیی پارلمانتارانی كوردستان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ‌و pkk لە پێوەندیدا بوون، هەتا ئاڵۆزییەكە لەوە زیاتر تەشەنە نەكا.

كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ ‌و چەند حیزب ‌و رێكخراوی غەیرە كوردی ئێرانی لە رێگای راگەیاندن ‌و بەیاننامە‌وە ئەو كردەوەی pkkیان مەحكووم كرد ‌و هاوسۆزییان لەگەڵ حیزبی دێموكرات دەربڕی.

زۆر حیزب ‌و رێكخراو ‌و كەسایەتی لەو چەند رۆژەدا بە ئامادەبوون لە دەفتەری سیاسی ‌و یان دەفتەری نوێنەرایەتییەكانی حیزب هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەربڕی ‌و كۆمەڵێك نووسەر ‌و رووناكبیر بە نووسینی بابەت ‌و لێكدانەوەی مەسەلەكە ناڕەوابوونی هەڵویستی pkkیان دەرخست.

ئەمانە هەمووی بۆ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران جێگای شانازی ‌و پێزانینە ‌و لە روونكردنەوەی راستییەكان و بیروڕای گشتیدا شوێندانەر بوون.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە هەلومەرجێكدا كە هەتا ئێستاش هەوڵەكانی بۆ دانیشتن ‌و دیاڵوگ ‌و چارەسەرییەكی وەها كە بەرژەوەندیی هەموو لایەك دابین بكا، بێ ئاكام ماوەتەوە، بەڵام خۆشحاڵە كە ئاڵۆزییەكە هەتا رادەیەك هێور بۆەتەوە ‌و چاوەڕوانییەكانیش لەو هەڵویست‌گرتن ‌و پشتیوانی‌كردنە هەروا لە جێگای خۆیەتی، بە پێویستی دەزانین لە رێگای ئەم سپاسنامەوە، سپاسی هەموولایەك بكەین و هەڵوێست و ناڕەزایەتی دەربڕینەكانیان بە چاوی رێزەوە سەیر دەكا و پێیان پشت‎ ئەستورە. سپاس و رێزی پێشكەشی هەر حیزب و لایەنێك و هەر كەس و كەسایەتێك دەكا كە بە تەنگ ئەو كێشەوە بوون و چاوەڕوانە ئەو هەوڵ پشتگیرییانە هەوێنی بەردەوامی دیالۆگ و دۆزینەوەی رێگاچارەسەرێك بێ‌كە دەستەبەری بەرژەوەندیی هەموو لایەك بێ.

سپاس بۆ هەموو لایەك، دەستی برایەتیتان دەگووشین و هەڵوێست و ناڕەزایەتی دەربڕین و پشتیوانیتان لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە هەڵوێستێكی نیشتمانی سەیر دەكەین و ئاواتی ئەوە دەخوازین كە چەكی كورد هەرگیز بەرەڕووی كورد نەبێتەوە و یەكدەنگی، دڵسۆزی و هاوكاریی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان، هەوێنی دابینبوونی مافی نەتەوایەتی و ماف و ئازادییەكانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان بێ.

رۆحی شەهید قادر كەریمی شاد و ئارەزووی سارێژبوونەوەی هەرچی زووتری زامی بریندارەكان دەكەین
جارێكی دیكە سپاس و رێزمان بۆ هەموو لایەك و تەبایی و سەركەتن بۆ كورد بە ئاوات دەخوازین

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی
٦ی ژووەنی ٢١٠٥ی زایینی