کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

13:04 - 30 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی دەسبەکاربوونی ماڵپەڕی نوێی "کوردستان میدیا" سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم سپاسنامە بەم چەشنەیە:

ماڵپەڕی نوێ و سپاسێک

بینەران و خوێنەرانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا،

هەر وەک ئەم چەند ساڵە لەگەڵمان بوون و بە ئەمەگەوە بەدواداچوونتان بۆ هەواڵ و بابەت و کارەکانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا کردووە و لەگەڵ کارە، باش و هەروەها کەموکوڕییەکانی ئاشنا بوون، وێڕای سپاس لە بەدواداچوون و ئۆگریتان بۆ ماڵپەڕکە و بابەتەکانی، پێویستە ئەوەتان پێ رابگەیەنین کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا وێڕای کار و زەحمەتی بەشی ئایتی و تێکنیکی راگەیاندنی حیزبی دێموکرات، کەسانێکی دڵسۆزی نیشتمان و خۆبەش کاریان لەگەڵ کردوین کە بەداخەوە پسپۆڕی بەشی تێکنیک، لاوی بلیمەت کاک ئاسۆ نادری کە چەند ساڵێک زەحمەتی دەکێشا بەداخەوە بە شێوەیەکی پڕ ژان، کۆچی دوایی کرد.

پێتان ڕادەگەیەنین کە چ پێش ئەو رووداوە دڵتەزێنە و چ دوایەش لە هەوڵی گۆڕینی دیزاین و نێوەڕۆکی تێکنیکیی ماڵپەڕی کوردستان میدیادا بووین و ئەو گرفت و کۆن بوونی کارەکانی و لاوازیی دیکەی کە هەبوو لە هەوڵی چارەسەر کردنیاندا بووین.

بەخۆشیەوە دوای چەند مانگ کار و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە دەهاتنە پێش، ماڵپەری کوردستان میدیا بە نەخشە و دیزاینی نوێ و تێکنیکی پێشکەوتووترەوە لە خزمەتی خوێنەران و بینەران و ئۆگرانی بەڕێزیدایە.

لەو ماوەیەدا وێرای کاری بەشی ئایتی و تێکنیکیی حیزب چەند کەسێک وەکوو دڵسۆزیی و کاری خۆبەخشانە لەگەڵمان بوون و سەرکەوتنەکانمان هەم بۆ پێشمەرگەکانی بەشی ئایتی و تێکنیک و هەم بۆ ئەو هاوڕێ دڵسۆزانەمان دەگەڕێتەوە. وێڕای ماندوونەبوونی لە کارەکانی تێکنیک و ئایتیمان، پێویستە سپاس و ڕێزێکی تایبەت بۆ ئەو هاوڕێیانەمان کە دڵسۆزانە و خۆبەخشانە یارمەتیدەرمان بوون بکەین؛ سپاس کردن، نیشانەی وەفادارییە بۆ هەموو زەحمەتەکان، چ گەورە و چ بچووک.

ئەو کەسانەی کە لێرەدا پێویستە ناویان بهێنین بریتین لە رێزداران، "ش. سا" کە کاری نەخشەدانان و دیزاینی کردووە و هیوادارین کە دۆخی نیشتمان وەهای لێ بێ کە بتوانین رۆژێک بە راشکاوی ناوی بهێنین و سپاسی تێکۆشان و زەحمەتەکانی بکەین؛ هەروەها "کاک شەریف بێهروز" کە چ لە ساڵانی رابردوو و چ ئەم ماوەیەش ئەوپەڕی هاوکاریی کردوووین و هەروەها " هێرۆ هاشمی" کە لەم ماوەیەدا بێ ماندووبون هاوکاریی راپەڕاندنی ئەرکەکانی ئایتی و تێکنیکی کردووە.

 وێڕای سپاس لە تێکۆشانی ئەو ئازیزانە، هیوادارین کە هەم لە ژیاندا سەرکەوتوو بن و هەم نموونەیەک بن بۆ دڵسۆزانی نیشتمانەکەمان، چوونکە بە هەزاران کەسی وەهامان هەیە و وەسەریەکخستنی وزەکانیان خەباتەکەمان وەپێش دەخا.

ئۆگرانی بەڕێزی کوردستان میدیا، دیزاین و نەخشەی نوێی کوردستان میدیا لە خزمەتتاندایە و هیوادارین کە وەکوو رابردوو لەگەڵمان بن و کەموکووڕییەکانیشمان پێ رابگەیەنن تاکوو بتوانین بە چاک کردنی گرفت و لاوازییەکان، خزمەتێکی زیاتر بە دۆخی رەوای نەتەوەکەمان بکەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای راگەیاندنی گشتی

٢٩ی بانەمەڕی  ١٣٩٥