کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی

17:34 - 17 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەڕێز و تێکۆشەر، مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی لە دووتوێی فایلێکی دەنگیدا، بەبۆنەی دیاریکردنی ڕۆژی ۱٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە کە لێرەدا دەقی پەیامی بەڕێزیان دەخرێتە بەر دیدی ئێوەی خۆشەویست.

سپاسنامەی مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی، بەبۆنەی دیاریکردنی ڕۆژی ۱٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب

خەڵکی بە شەرەفی کوردستان، 
کادر و پێشمەرگە تێکۆشەرەکان،
کەمئەندامانی گیانباز و لەخۆبردوو،
ئەندامان و لایەنگران و دۆستان و ئاشنایانی حیزب دێموکرات، 

دڵنیام ئاگادارن کە ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی، وەک ڕۆژی تایبەت بە کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕەسمی و بە ڕاشکاوی مۆر و دیاری کرد.

ئێوە بە تێكڕایی ئاگادارن کە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٦٦ی هەتاوی، دوو مۆرەی مەکتەبیی ڕاهێنراو و سەد دەر سەد جێگای باوەڕی دەزگا جاسووسییەکانی جمهوری ئیسلامیی ئیرانێ، بە ناوەکانی سەمەدی کاژەیی و حەسەن ڕەمەزانی کتێبێکی بۆمبڕێژکراویان به نێو سپید دندان کە تەرجەمەکراوەکەی بوو بە دان چەرموو، گەیاندە دەستی من و لە باوەشی مندا تەقێندرایەوە. لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەدا ئەمن وەک شەقڵە سووتاوی ناو جەنگەڵان هەر لە ڕیشەوە هەتا پڕژەکان لەت لەت بووم، هەڵپڕوکام و هەڵقرچام. ئەو رووداوە مۆرێکی وای لە چارەنووسی من دا کە هەتا دنیا دنیایە و ژیانم هەیە وە لە عالمی خاکیشدا دەبێ لەگەڵ ئەو وەرەشوومەی لە قەراغی یەکتر بمێنینەوە و دەست لە ملانی یەکتر بین. ڕاگەیاندنی ئەو ڕووداوەی وەک ڕۆژی کەمئەندامان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە نەک لەبەر ئەوەیکە بەشێک لە شانازی و ئیمتیازەکەی بە من دەبڕێت، بەڵکوو لەبەر گرینگی و ئەهەمیەتی ناوەرۆکی خودی راگەیاندنەکەی لە چەند بارەوە جیگای سەرنج و تێڕوانینە.

یەکەم: ئەو ڕاگەیاندنە لە روانگەی ڕاماڵینی بۆحرانی هۆویەتەوە فاکتەرێکی گرینگ و کاریگەرە، ئەو کاتەی ئینسانەکان دەکەونە ژێر باری قورسی ئێش و ئازار و شیرازەی ژیانیان هەڵدەوشێت، تووشی بۆحرانی هۆویەت دێن. شێوانی هۆویەت مەهارەتی بڕیاردانیان لێ دەستێنێت و تووشی بێ ئاسۆیی و ناهۆمیدیی وا دێن کە دەستیان بۆ هیچ کارێک ناڕوات و هیچ کارێکیان لە دەست ڕاناپەڕێت. ناچار بێ ئەوەی خۆیان بزانن دەکەونە سەر شەپۆلی ڕووداوەکان و لە ڕەوتی ژیاندا تەکانێک لەخۆ نادەن و خۆیان بە دەستی قەزا و قەدەر دەسپێرن. ئەو ڕاگەیاندنە لە ڕاماڵینی قەیرانی هۆویەتەدا شوێنەوارێکی بەرچاو لە خۆی بەجێ دێڵێت.

دووهەم: ئەو ڕاگەیاندنە لەباری نوێکردنەوەی پێناسەدا ئەهەمیەتێکی زۆری هەیە. ئەوەی من ئێستا دەیڵێم ڕەنگە وەک قسەی شێتان بچی!؟؛ بەڵام لانیکەم خۆم پێم وایه ئینسان لە هەندێک حاڵەتی سەختی ڕۆحیدا خۆی لێ ون دەبێ، نازانێ چ نێوێک لەسەر خۆی دانێت، نازانێت ئینسانە، جمادە، نەباتە یا بوونەوەرێکی دیکه. لەگەڵ بێ ئیعتنایی و بێ تەوەجۆهی ئەملا و ئەولا وای لێ بەسەر دێت کە خۆی لە دایرەی ئەحواڵی مەدەنی هیچ لایەکدا نەبینێتەوە. سەرئەنجام لەرزۆکی و ڕاڕایی لە نێو گێژاوێکی ڕوحی وا پاڵی پێوە دەنێت که نەتوانێ نوقتەیەکی مەلمووس و کۆنکرێت بۆ لەنگەرگرتنێکی ئەگەر زۆر کەمیش بێ بۆ خۆی دیاری بکا. ڕاگەیاندنەکە ئەو جەوە سایکۆلۆژییەی شکاند و شناسنامەیەکی تازەی لانیکەم بۆ ژمارەیەک ئینسان نوێ کردەوە و وەک کارتی پێناسەی جێی ئیعتبار بە مۆرکراوی لە ئیختیاری ئەواندا دانا.

سێهەم: ئەو ڕاگەیاندنە لەو بارەیەوە گرینگ بوو کە دیواری بێدەنگی لە دەوری هەندێک بابەتدا تێک ڕووخاند. لەمێژ بوو تەلیسمی بێدەنگی بەسەر فەزای حیزبیدا زاڵ ببوو. زۆر لێو مۆری سکوتیان لێدرابوو. به هیچ نەگرتن و بێ ئیعتنایی و بێدەنگی لە ڕاست ئەوانەی تیری مەینەتی ڕۆژگاریان لێدراوە لە ویژدان و قامووسی ئەو ئینسانەی دۆستی ئینسانەکانن خەتی سوور و هەڵوێستێکی نامۆ و ناڕەوایە. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە کەمئەندامان قفڵی سکوت و بێدەنگی شکاند و تەلیسمی کۆدە داخراوەکانی پووچەڵ کردەوە.

چوارەم: راگەیاندنی ناوەندی سیاسی نەوعێک ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و بەزینی سانسۆری پێوە دیارە. دوای بەجێهێشتنی قەندیلی حەزف و تەرد و ڕەشکردنەوە و لە قەڵەم خستن و بایکۆت وەک سووننەتی لێهاتبوو. ئەگەر دروست بێت دەڵێم نەوعێک ئەدەبی ئەریستۆکراتیکی ئینشانووسی لە مەقالاتی فەرمایشی هاوێتەی ئەدەبیانی حیزبی کرابوو. ئێستا کە وانەیەک لە نێو ئەدەبیاتی ڕەسمی حیزبیدا کراوەتەوە نیشانەی ئەوەیە کە مێتۆدێکی تازه لە ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و کلتوری پێک هاتووە و رەوتی گەشە کردنی فەرهەنگی لە هەڵکشاندایە.

پێنجەم: ئەو ڕاگەیاندنە نەوعێک ڕەنگی دێموکراسی پێوە دیارە، ئەمن بەش بە حاڵی خۆم جەوهەری دێموکراسی لە گێڕانەوەی کەرامەتی ئینسانەکان بۆ ئینسانەکاندا دەبینم بەهای بەرزی دێموکراسی لە ئیعادەی حەیسیەتی ئینسانەکاندا دەخوێنمەوە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی دێموکراسی لە ئیجرای عەداڵەت و یەکسانیدا دەبینمەوە. ئاوڕدانەوە لە هەندێک نوقتەی مێژوویی فەرامۆشکراو و ئاوەدانکردنەوە و زیندووکردنەوەیان جا ئەگەر نوقتەی بچووکیش بن بە نیشانە و رەمزی یەکسانیخوازی و عەقڵ‌فرەوانی و بەرچاوبەرینی و دامەزراندنی ئوسول و پایەی دێموکراسی تەرجوومە دەکەمەوە. ئەمن بەش بە حاڵی خۆم نەوعێک دیسیپلینی تازە و ئیبتکار و تیشک و تەجەللی دێموکراسی لەو راگەیاندنەدا بەدی دەکەم.

شەشەم: نەوعێک بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی فەقیرکوژانە و بەگژداچوونەوەی سیستمی شکۆشکێنی و بێکەس خنکێنی و مەزلوومیەت‌ڕتێنی لەو راگەیاندنەدا دەبینم. پێموایە ئەوە سەرەتای کرانەوەیەکی نوێیە رەخسانی دەرفەت و فەزایەکی تازەیە ئەوانەی عەشیرەتیان نییە، ئەوانەی ئاغا بەڵێ ناڵێن، ئەوانەی ئازادن و فراکسیۆنیان نییه، ئەوانەی زەنگی وەکوو زەنگی و رۆمی وەک ڕۆمی دەبینن و دەیانهەوێ حەق لەبەر خاتری ئەوەیکە حەقە بێننە سەر زمان دەتوانن زیاتر زیندوو ببنەوە و زیاتر گوڵ بکەن و زیاتریش مەهارەتەکانیان دەرخەن. 

حەوتەم: ئەو ڕاگەیاندنە موعەممایەکی لەمێژینەی حەل کرد، ساڵانێکی دوورودرێژ مەسەلەی کەمئەندامان باسێکی ئەوتۆی لێوە نەدەکرا، مەسەلەیەکی داخراو بوو راستە هێندێک جاران وەک ڕێزدانان بۆ ڕێزگرتن لە ئیسالەتی فەرد لە نێو حیزبدا باسی لێوە دەکرا. زۆر جارانیش وەک گرێ کوێره ماوەتەوە و وازی لێهێنراوە. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو گرێ کوێرەیەی کردووە و ئەو مەتەڵ و موعەممایەی شەفاف و ڕوون هەڵێنا. ئەو بڕیارە لە لایەن ناوەندی سیاسییەوە بە رەسمییەوە ڕاگەیەندرا دڵنیام ئەو قەراره لە لایەن لێپرسراوی گشتی و دەستەی کارگێڕی و هەیئەتی چاودێری و بەدواداچوون و باقی ئۆرگانە بەرپرسەکانی حیزبییەوە دەنگی متمانەی پێ دراوە.

ئەوەی لێرە بە ڕوونیەوە بەرچاو دەکەوێت و ئەمن زۆر پێی سەربەرز و خۆشحاڵم ئەوەیە کە ئەو قەرارە بەشێکی کەمی پێوەندی بە منەوە هەیە؛ بەشی هەرە زۆر و دەتوانم بڵێم ٩٩ لەسەدی ئەو پەیامەی بە مەبەستی ڕێزگرتن لە تێكڕای کەمئەندامانی گیانباز و خەباتکار ڕاگەیەندراوە. ئەمن وەک خۆم و تەنیا وەک ڕۆڵ و نەخشی خۆم تەنیا عونسۆری وەسڵی حەڵقەی ڕاگەیاندنی ئەو پەیامە پیرۆزم. زۆری شانازیی من لەوەیدایە که ئەو ریسالەتەی وەکوو ئەرکی سەر شانم به ئەمانەتەوە به کەمئەندامانی ئازیزی سەربەرز ڕابگەیەنم. لە نێوەڕاستی دڵیشمەوە سوپاس و ئەمەگناسی و قەدرزانیی خۆم و خانەوادەم به ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامان و هەواداران و دۆستان و ئاشنایان که بە ناردنی گوڵ و دڵ و لایک و کامێنت و پەیام بۆ دۆست و ئیرادەتمەند و برابچووکی خۆیان گەورە و سەربەرزیان کردووم لە قووڵایی دڵمەوە ڕادەگەیەنم، هیوادارم هەروا بە ورە و هیوا باوەڕ و ئیمانەوە لەسەر ڕێباز و خەبات و تیکۆشان بەردەوام بمێننەوە. لەش ساغی و تەمەن درێژیان بۆ بە ئاوات دەخوازم هەر چەندە ئەمن خۆم بە شایستەی ئەو هەمووە لوتف و گەورەیی و سەروەرییە نازانم که حیزبی ئێمە بەرانبەر بە من ئەنجامی داوە. خۆشم بچووکتر لەو خەڵات و پەیامە بەرزەی دەزانم که حیزب بە منی بەخشیوە و ئاراستەی خۆم و خانەوادەمی کردووه، بەڵام غیرەت دەبەر خۆم دەنێم وەریان بگرم و بە ئەمانەتەوە بیدەمە دەستی بەهێزی پێشمەرگەی نێو سەنگەرە خوێناوییەکان و بە پەنجە و قۆڵی قایم و قۆڵی ئەوان و بە ئەو پەڕی ڕێز و ئیحترامەوە لەسەر سەرمیان دادەنێم و دەیدەمەوە دەستی بەهێزی خاوەنی ئەسڵیی قەزییەکەی کەمئەندامانی خەباتکار و پێشکەش به بارەگای بەرزی ئەوانی دەکەمەوە. ئیجازە دەخوازم لێرەدا یەک دوو شتی ناقابیل بە عەرزی ڕێزداران بگەینم؛ ئەمن کەمئەندام نیم!!! بەڵکوو بێئەندامم، ئەمن ساڵها پێش تەقینەوەی ئەو بۆمبەی کەمئەندام بووم، پێش هەموو جێگایەک شەویلکەی لای چەپم شکاوە، قەوسی پێم شکاوە، ڕانم شکاوە، دەستم لە دوو جێ شکاوە و نیوەفەلەج ببوو، شانم شکاوە و زۆر جێگای دیکەی بەدەنیشم گوللەی دوژمنی وێکەوتووە کە بەشێک لە وێنە جۆراجۆرەکانی برینداربوونم لە ئارشیوی حیزبدا ڕاگیراون، بەڵام شانازی دەکەم کەمئەندام بم وەکوو لە پێشدا عەرزم کردن گەورەییەکەی زۆر گەورەیە بۆ من کە وەک ڕاسپاردە شانازیی گەیاندنی پەیام و ڕیسالەتی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانم بە کەمئەندامان پێ ببڕێت. لە کۆتاییدا جارێکی دیکە سپاسی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و بە تایبەتی ناوەندی سیاسی دەکەم کە لەو ماوەیەدا تووشی ماندوویی و سەرقاڵی زۆر هاتن.

گوێم لە وتووێژەکەی ڕێزداران کاک حەسەنی شەرەفی و هاوڕێیانی تیشک ڕاگرت پڕ بە دڵ سپاسی هەموانیان دەکەم کە بە جۆش و خرۆشەوە بەپیر مەسەلەکەوە هاتن. کڕنۆش بۆ تێکڕای شەهیدەکانمان و نەوازشی تایبەتی بۆ پۆل پۆل شەهیدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات و کۆڕی بەرینی پەپوولە خوێناوییە بێ تاوانەکانی دەشتی کۆیە.