کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تیرۆریستی پاسداران، مانۆڕێکی لە کرماشان بەڕێوەبرد

12:35 - 5 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، مانۆڕێکی لە ناوچەی هەورامانات و بەرزاییەکانی شاهۆ لە پارێزگای کرماشاندا بەڕێوەبرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕەزبەر، هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە هاوکاریی "لەشکەری ٢٩ی نەبیی ئەکرەم" و "تیپی ئەنساروڕەسووڵ"، لە ناوچە عەمەلیاتییەکانی بنکەی "نەجەفی ئەشرەفی" ئەو هێزە، لە ناوچەی هەورامانات و بەرزاییەکانی شاهۆ لە پارێزگای کرماشاندا، مانۆڕێکی بەڕێوەبرد.

بەپێی قسەکانی پاسدار "محەممەد نەزەر عەزیمی"، فەرماندەی بنکەی نەجەفی ئەشرەفی سپای تێرۆریستی پاسداران، ئەو مانۆڕە ماوەیەکی زۆرە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و هێزەکانیان لەو ناوچەیەدا جێگیر کردووە و بەڕێوەیان بردووە.

پاسدار "عەزیمی"، پەیامی ئەو مانۆڕەی "بەرگری لە نائەمنی و ئامادەبوون بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکان" ڕاگەیاندووە، لە حاڵێکدا کە خۆیان سەرچاوەی نائارامی لەو ناوچانەدان و دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی خەڵک.

هەروەها بەهۆی ئەو مانۆڕانەوە، ڕووبەرێکی بەرچاو لە ژینگە تێک دەدەن و ئەمە تەنیا بۆ سەپاندنی ئۆتۆریتەیانە لە ناوچەکەدا و هەروەها دروستکردنی دڵەڕاوکێ و ترس لە دڵی خەڵکدا.