کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران تێکدەری سەرەکیی ژینگەی کوردستانە

12:46 - 20 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئەم ڕێژیمە، لە سەرەکیترین تێکدەرانی ژینگەی کوردستان دێنە ئەژمار و بۆ ئەم مەبەستە لە هیچ هەوڵێک خۆ نابوێرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای سپای تێرۆریستیی خۆیەوە، لە هەوڵی تێکدان و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستانە. 

یەکێک لە پاسدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە ناوی، پاسدار "ڕەزا زەیغەمی"، کە لە بەیتی ڕێبەریی ڕێژیمیشدایە، لە گوندی "زەنگیاوێـ"ـی چۆمی "مەجیدخان"، لە هەوڵی دزینی سامانەکانی کوردستان و تێکدانی ژینگەی کوردستانە.

لەم پێوەندییەدا، خەڵکی ئەو ناوچەیە لە شارەکانی ورمێ و میاندوواو سکاڵایان بە دژی ئەم کارە تۆمار کردووە، بەڵام لە لایەن دامودەزگاکانی ڕێژیمەوە هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

یەکێک لە دیارترین پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران بە دژی نەتەوەی کورد، هەوڵە دزێوەکانی بۆ لەنێوبردنی ژینگە و بەتایبەت دارستانەکانی کوردستانە کە لە بەرچاوترین نموونەدا دەتوانرێت ئاماژە بە ئاگرتێبەردانە بەئەنقەستەکان و هەروەها قاچاخکردنی داری دارستانەکان بۆ شارەکانی دیکەی ئێران بکرێت.