کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران دەست بە سەر ناوەندەکاندا دەگرێت

12:16 - 21 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شاری بۆکان، لە هەوڵدایە کە جەهادی کشاوەرزیش وەکوو ناوەندەکانی دیکە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری بۆکان، لە هەوڵدایە کە وەکوو ناوەندەکانی شیرکەتی نەوت و موخابرات، کە ناوەندگەلێکی سیاسی نین، جەهادی کشاوەرزیی ئەم شارەش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و دەست بە سەر ئەو داراییانەشدا بگرێت کە بەرهەمی ماندووبوون و تێکۆشانی وەرزێڕان لەم شارەدایە.

بۆ ئەم مەبەستە، سپای پاسداران پیلانێکی نوێی داڕشتووە و داوای لە وەرزێڕانی ناوچەکانی "فەرهاد تاش" و "چۆمی مەجیدخان" کردووە کە بە دژی جەهادی کشاوەرزی سکاڵا تۆمار بکەن تا لەم ڕێگەیەوە ڕابردووی ئەم ناوەندە ببەنە ژێر پرسیارەوە.

سپای پاسداران بە خەڵکی ئەم ناوچانەی ڕاگەیاندووە کە دەبێ لە سکاڵانامەکەدا باس لەوە بکەن کە ئەمساڵ هیچ داهاتێکیان نەبووە و خەسارێکی زۆریان لێکەوتووە، جەهادی کشاوەرزیش لەم بوارەدا هیچ خەسارەتێکی پێ نەداون و هەر بۆیە سکاڵایان تۆمار کردووە.

سپای پاسداران بە هێنانەگۆڕی ئەم بابەتە، دەیەوێت بە شێوەیەکی بەربڵاوتر دەست بە تاڵانی سامانی خەڵک بکات و بەرهەمی تێکۆشانی وەرزێڕانی کوردستانیش بۆ مەبەستە تێرۆریستییەکانی خۆی بەکار بێنێت.