کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران لە سەر هێرشی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل سوورتر دەبێت

19:03 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، بۆ شەڕ لە دژی ئیسرائیل قۆناغێکی نوێیان دەست پێ کردووە.

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ویدیۆیەکەدا چۆنیەتی هێرش بۆ سەر ئیسرائیلی بڵاو کردووەتەوە و وەکوو پڕۆپاگەندایەک دژی ئیسرائیل لە میدیاکانی خۆیدا بڵاوی دەکاتەوە.

ئەو ویدیۆیە لە ژێر ناوی "عاشق مبارزه"، لە لایەن دامەزراوەی تەبلیغاتیی "اوج"، سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە بەرهەم هاتووە و لەو ویدیۆیەدا چۆنیەتی هێرش و لەشکرکشی بۆ سەر ئیسرائیل بڵاو کراوەتەوە.

کارناسانی سیاسی لەبارەی ئەم ویدیۆیە باسیان لەوە کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە گرتە ویدیۆیانە لە ئێستادا کە ئەویش لە بەرەبەری ڕۆژی "قدس" دایه، شتێکی مانادارە، چونکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ماوەیەکە بە جیددی هەڕەشەی هیرشی نیزامی بۆ سەر ئیسرائیل دەکات.

هەروەها دامەزارەی تەبلیغاتیی "اوج" پۆستێرێکی بە دروشمی "قلب ما را قبلەای" بڵاو کردووەتەوە کە وێنەیەک لە شاری ئورشەلیم (بەیتولموقەدەسە) و چواردەوری ئورشەلیم بە ئاڵای ڕێژیمی ئێران، یەمەن، فلستین، عێراق و حیزبوڵڵا نەخشێندراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی "قودس" بەیانییەیەکی بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران لە بەیانییەیەکدا جەختی کردووەتەوە، کە ئەگەر ئامریکا هێرش بکاته سەر ئێران ئەوە چارەنووسی بەرپرسانی ئامریکاش وەک سەدام حوسێنیان بەسەردا دێت.

لەو بەیانییەدا، سپای ڕێژیمی ئێران، لە دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی لێواری غەزە و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەری فلستینی لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بە فەرمی ڕایایگەیاند کە پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین دەکەن و دژ بە ئیسرائیل بێدەنگ نابن.

بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوەیەی ڕێژیم، سەرەڕای هەڕەشە لە ئیسرائیل، دڵنیایییان بە ئیسرائیل دا، کە ناهێڵن ئەو وڵاتە سەقامگیر بێت.

لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، خومەینی دامەزرێنەری ڕێژیمی ئێران دوایین ڕۆژی هەینیی مانگی ڕەمەزانی وەک ڕۆژی قودس دیاری کرد.

ئامانجی خومەینی لە دیاریکردنی ئەو ڕۆژه شەڕ دژی ئیسرائیل و سڕینەوەی ئەو دەوڵەتە لە سەر گۆی زەوی بوو.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەردەوام هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە، کە کۆتایی به کردەوە تێکدەرانەکانی لە ناوچەدا بێنێت و ئیسرائیلیش لە هەمان کاتدا بەردەوام لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دژی ڕێژیمی ئێران چالاکی دەکات و بوونی ئەو ڕێژیمە وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی دەبینێت.

ڕێژیمی ئێران سەرەکیترین وڵاتی جیهانە که پشتیوانی لە تێرۆریزم و گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات.