کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەی کوشتنی لە جووتیارانی کوردستانی باشوور کرد

11:42 - 11 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین هەوڵەکانی خۆیاندا هەڕەشەیان لە جووتیارانی کوردستانی باشوور کردووە، کە لە مووچە و مەزراکانی خۆیان دیانکوژن.

هەواڵدەرییە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە، کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان،   ھەڕەشەی لە جووتیاران و ئاژەڵدارانی نزیک سنوور لە حاجی عومەران کردووە، کە دەبێت دوو کیلۆمێتر لە سنوورکان دوور بکەونەوە، ئەگینا دەکەونە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی ئەوان و گیانیان پارێزراو نابێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ھێزە سنوورپارێزەکانی ڕێژیمی ئێران، ماوەی ٧٢ كاتژمێريان بۆ جووتیار و ئاژەڵدارانی حاجی عومەران دیاری كردووه،‌ بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه‌ سنوورييه‌كان به‌جێ بهێڵن و له‌ هێڵى سنوور دوور بكه‌ونه‌وه‌.

جووتیاران و ئاژەڵدارانی حاجی عومەران ئەم ھەڕەشەیەی سپای  تێرۆریستی پاسدارانی ئێرانیان بە ھەڕەشەیەکی جیدی وەرگرتووە و چەند جارێکیش لە بنکە سەربازیيەکانی سەر سنورەوە ھێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە دەنگی بەرزەوە ھاووڵاتییانيان ئاگادار کردووه‌تەوە، کە دەبێت ناوچەکە بەجێ بهێڵن.

به‌ گوێره‌ى ئەو بڕیارەی سپاى تێرۆریستی پاسداران، ده‌بێت له‌ سێ ڕۆژدا ئاژه‌ڵدار و جووتيارانى نزيك بە هێڵى سنووریی به‌ قووڵايى دوو كيلۆمیتر و درێژایى ١٠ كيلۆمیتر ناوچەکە به‌جێ بهێڵن.