کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسدارن لە بەیانییەیەکدا هەڕەشەی لە جیهان کرد

12:10 - 3 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەیانییەیەکی هەڕەشەئامێزی ڕوو لە وڵاتانی جیهان بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران لە بەیانییەیەکدا جەختی کردووەتەوە، کە ئەگەر ئامریکا هێرش بکاته سەر  ئێران ئەوە چارەنووسی بەرپرسانی ئامریکاش وەک سەدام حوسێنیان بەسەردا دێت.

لەو بەیانییەدا، هەڕەشە لە وڵاتانی جیهان کراوە  که هەر کەس و لایەنێک بیهەوێت هێرش بکاتە سەر ئێران تووشی چارەنووسی سەدامی دەکەین.

چەندین جار لەو بەیانییەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەو کەس و لایەنانەی لەسەر بەڵێنی و وادەکانی خۆیان سوور نین، چارەنووسی سەدامیان دەبێت.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، سپای تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران بۆ چەندمین جاره کە دژی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئامریکا بەیانییە دەدات و هەڕەشەی ئەوە دەکات کە وڵامێکی تۆند بە ئامریکا و ئیسرائیل دەداتەوە.

سپای ڕێژیمی ئێران، لە دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی لێواری غەزە و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەری فلستینی لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە بەیانییەیەکدا بە فەرمی ڕایانگەیاند کە پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین دەکەن و دژ بە ئیسرائیل بێدەنگ نابن.

بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوەیەی ڕێژیم، سەرەڕای هەڕەشە لە ئیسرائیل، دڵنیایییان بە ئیسرائیل دا، کە ناهێڵن ئەو وڵاتە سەقامگیر بێت.

بەیانییەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە لە کاتێک دایە کە ڕێژیمی ئێران به هۆی دەستێوەردانەکانی لە ناوچەدا و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان بەردەوام هۆشداری پێ دراوە و تا ئێستا چەندین گەمارۆی ئابووری بە هۆی دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا دژی ڕێژیمی ئێران پەسەند کراوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەردەوام هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە، کە کۆتایی کردەوە تێکدەرانەکانی لە ناوچەدا بێنێت و ئیسرائیلیش لە هەمان کاتدا بەردەوام لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دژی ڕێژیمی ئێران چالاکی دەکات و بوونی ئەو ڕێژیمە وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی دەبینێت.

ڕێژیمی ئێران سەرەکیترین وڵاتی جیهانە که پشتیوانی لە تێرۆریزم و گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات.