کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ناسنامەی ڕەسەنی خۆی وەرگرت

12:06 - 23 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دامەزراوەی خومەینی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، دوای چەندین ساڵ کوشتار، تێرۆر و جەنایەت ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی وەرگرت و جلی تێرۆری بە فەرمی پۆشی.

مەجلیسی دەوڵەتی کانادا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە گەڵاڵەیەکدا پەسەندی کرد، کە سەرجەم دانوستانەکانی خۆی بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی چالاکییە دیپلۆماتیکەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرێت.

بەپێی ئەو پەسەندکراوەی مەجلیسی کانادا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خراوەتەوە لیستەی تێرۆرەوە.

ئەو گەڵاڵەیە لە لایەن "گارنت گینویس" نوێنەری کۆنسێرڤاتیڤی مەجلیسی کانادا پێشنیار کراوە و بە زۆرینەی دەنگ و لە لایەن "جاستین ترۆدۆ" سەرۆکوەزیرانی کاناداوە پەسەند کراوە.

پێوەندییەکانی نێوان کانادا و ڕێژیمی ئێران  ساڵی ٩١ی هەتاوی، بە هۆی چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران پچڕا.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئامریکا لە هەوڵدا بووە، کە سپای تێرۆریستیی پاسداران بخاتە لیستەی تێرۆرەوە و هەوڵەکانی خۆشی لەو بارەوە چڕ کردووەتەوە.

کۆنگرەی ئامریکا ساڵی ڕابردوو لە گەڵاڵەیەکدا سەرکۆماری ئەو وڵاتەی ئەرکدار کرد، کە سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستەی تێرۆر بخات. 
بەپێی ئەو گەڵاڵەیە و بەپێی فەرمانی ئیجرایی ١٣٢٢٤، پەسەندکراوی ساڵی ٢٠٠١ی زایینی، سەرکۆماری ئەو وڵاتە ئەرکدار دەبێت، کە سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندا بگونجێنێت.

مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردووش "پۆل ڕایان"، نوێنەری مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا بە توندی ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران گرت و باسی لەوەش کردووە، کە ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستەی تێرۆر بخەن.

نوێنەری مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە ئایپک (کۆمیتەی پێوەندی گشتیی ئامریکا و ئیسرائیل) باسی لەوە کردووە، کە دەبێ سپای پاسداران لە لیستی تێرۆریزم بخەن.

ڕۆژی هه‌ینی ڕێکەوتی٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، كاتژمێر ١٦:٣٠ به‌ كاتی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی تویتێری بۆ پشتیوانی له‌ داوای به‌ تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، ده‌ستی پێ كرد.

لەم هه‌ڵمه‌ته تویتێرییەدا‌، زیاتر له‌ ٥ هه‌زار نووسراوه‌ (توییت) لە هه‌شته‌گی تایبه‌تدا‌ بڵاو كرانه‌وه‌. ئه‌و نووسینانه‌ به‌ سنووری ٨٠٠ هه‌زار كه‌س گه‌یشت‌ و نزیکەی ٢ میلیۆن و ٢٠٠ هه‌زار کەسیش ناڕاسته‌وخۆ ئه‌و نووسینانه‌یان بینیوه‌.

ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ تویترییه‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ داوا له‌ ده‌وڵه‌تی ئامریكا بكرێت، كه‌ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخرێته‌ نێو لیستی تێرۆره‌وه‌.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە توندی پشتگیریی لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە هەموو جیهاندا کردووە و تەنانەت بوونی خۆی لە ئەفریقا بەهێزتر کردووە.

محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، هۆشداری دایە واشنتۆن و وتی: ئەگەر ناوی سپای پاسداران لە لیستی تێرۆر تۆمار بکرێت، ئێمەش کاری هاوشێوە دەکەین.

هەر لە هەمان ڕۆژدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: ئەگەر ئامریکا سپای پاسداران وەک ڕێکخڕاوێکی تێرۆریستی بناسێنێت، دەبێ چاوەڕوانی وڵامی توند، لێبڕاو و دەمکوتکەرانە ببێت.

هەروەها پاسدار محەممەدعەلی جەعفەریش، ماوەیەک پێش هەڕەشەی لە ئامریکا کرد و وتی: ئامریکا دەبێ بنکە نیزامییەکانی تا مەودای دوو هەزار کیلۆمێتری بکشێنێتەوە، هەتا لە مەودای مووشەکەکانی ئێمەدا نەبن.

سپای پاسداران هەتا ئێستا سه‌دان تێرۆری له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌نجام داوه‌ و ئێستا له‌ سه‌ره‌كیترین پشتیوانانی ڕێكخراوه‌ تێرۆریستییه‌كانی وڵاتانی دیكه‌ دێته‌ ئه‌ژمار. 

ئامریكا ساڵی ٢٠٠٧، سپای قودس، كه‌ لقی سپای پاسداران لە ده‌ره‌وه‌ی وڵاتە، خستووەته‌ نێو لیستی گرووپه‌ تێرۆریستیه‌كان. له‌م ساڵانه‌ی دواییەشدا دەیان فه‌رمانده‌ی سپا له‌ لایه‌ن ئامریكا و وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاواییەوە، خراونه‌ته‌ لیستی ڕه‌شی تێرۆر یان ته‌حریم كراون.