کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران دەستی بە سەر زەوییەکانی "نەورۆزلوو"دا گرت

11:47 - 24 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران لە شاری بۆکان دەستی بە سەر زەوییەکانی بەنداوی "نەورۆزلوو"دا گرتووە. زۆر جاریش لەو شوێنانەی دەستی بەسەردا گرتووە کۆبوونەوە بۆ جاشەکان دەگرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەنداوی نەورۆزلوو، هەڵکەوتوو لە گوندەکانی "گۆگجەلی، مشیرئاباد و برایم ئاباد"، لەو شوێنانە بە پانتایی چەند هەزار هێکتار، زەویی پڕپیت و بەرەکەت لە لایەن سپاوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ماوەی چەندین ساڵە پانتاییەکی زۆر لەو زەوییانە کە لە لایەن ڕێژیمەوە دەوری گیراوە، لەژێر چاوەدێریی چڕی سپای تێرۆریستی پاسداراندایە.

زەوییەکی زۆری وەرزێڕانی ناوچەکە لەو شوێنە بە شێوەی موزایدە بە چەند جاشێک دراوە و ئەوانیش بە ئیجارە دەیدەنەوە بە خەڵک.

زۆر جاریش کە زەوییەکان بە ئیجارە دەدرێن لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکان، ئیجازەی ئەوە بە ئیجارەچییەکە نادەن  بەرهەمەکەی کۆ بکاتەوە.

هاوکات زۆر جاریش ئیجازە بە وەرزێڕەکان و ئیجارەچییەکان نادەن بچێتە نێو دەوروبەری بەنداوەکە بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی هەڵگرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە سپای تێرۆریستی پاسداران لەوێ کۆبوونەوە بۆ جاشەکان دەگرێت.