کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران لە شاری شنۆ، فەزای ئەمنییەتی_نیزامییان دروست کردووە

12:41 - 27 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسداران بە ڕەوانە کردنی چەک و چۆڵی قورس بۆ شاری شنۆ، فەزای ئەمنییەتی_نیزامیی بە سەر ئەو شارەدا زاڵ کردووە.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران هەوڵی ڕەوانە کردنی چەک و چۆڵی قورسی بۆ شاری شنۆ داوە و بەشێک لە هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک گوندی "دێ‌شەمس" و "قەرەسەقەڵ" جێگیر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، چەکوچۆڵە ڕەوانەکراوەکان بۆ شاری شنۆ لە جۆری چەکی قورسی وەک تانک، تۆپ و کاتیووشا بوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزەکانی سپای پاسداران، بە مانۆڕی نیزامیی لە ئاستی شاری شنۆ، دۆخی ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ هاووڵاتییانی ئەو شارە سازکردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سپای پاسداران بە مەبەستی بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی ڕێژیمی ئێران هەوڵی ڕەوانە کردنی ئەو چەکە قورسانەیان داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سپای پاسداران دانیشتووانی گوندەکانی "جاشێران"،"دەربەند" و "حەسەن نووران"یان خستووەتە ژێر گوشارەوە و داوای هاوکارییان لێکردوون.

چالاکانی سیاسی کوردستان، ئەم هەوڵەی سپای پاسداران بە هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە ڕەوتی پەرەسەندن و کرانەوەی فەزای سیاسی لە کوردستانی ئێران دەزانن.

لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هەتاکوو ئێستا، ڕوانگەی ڕێژیم لە سەر کوردستان ڕوانگەیەکی "ئەمنییەتی" بووە و لەم ڕاستایەشدا بەردەوام کوردستان چەوسێندراوەتەوە.