کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گرووپی هەموو حیزبەکانی پارلمانیی بریتانیا بۆ کوردستان هاوخەمی خۆی لەگەڵ حیزب دەربڕی

18:14 - 30 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سکرتێری گرووپی هەموو حیزبەکانی پارلمانیی بریتانیا بۆ کوردستان، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و وێڕای پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد هاوخەمی خۆی بۆ شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی حیزب کە لە ئەنجامی مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان شەهید کران، دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەمە، ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر لەگەڵ ٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨، سکرتێری گرووپی هەموو حیزبەکانی پارلمانی بریتانیا بۆ کوردستان، بەڕێز گاری کێنت، سه‌ردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

لەم سەردانەدا گاری کێنت دیدارێکی لەگەڵ هەیئەتێکی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستی کاک حەسەن شەرەفی جێگری لێپرسراوی گشتی حیزب، ئەنجام دا .

لە دیدارەکەدا سه‌ره‌تا گاری کێنت سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکرات کرد بە بۆنەی شەهید بوونی دوو پێشمەرگەی حیزب کە لە موشەکبارانی بنکەکانی حیزب گیانیان بەخت کرد و باسێکی لەسەر رۆڵ و کاری گرووپی هەموو حیزبەکانی پارلمانی بریتانیا و خوێندنەوەی خۆیان لەسەر هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و رۆڵی ئێران کرد. 

دواتر جێگری لێپرسراوی گشتیی حیزب سپاسی بەڕێز کێنتی کرد بۆ هاودەردیەکەی و پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە دونیای دەرەوە، بە تایبەتی وڵاتانی دێموکراتیکی ئەورووپا، پێویستە کۆماری ئیسلامی وەکوو خۆی بناسن و رۆڵی نەرێنی ئێران لە ناوخۆی ئێران و لە هەرێمەکە لە بەرچاو بگرن لە کاتی هەڵویست گرتندا.

 بەڕێز شەرەفی هەروەها ئیشارەی بەوە کرد کە پێویستە وڵاتانی دێموکراتیک پشتیوانی گەلی کورد و خەڵکی ئێران بکەن بۆ ئەوە بگەیەن بە داوا دێموکراتیکەکانیان. 

هەر لەم پێوەندییەدا شەرەفی باسی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کرد و ڕوانگەی حیزبی سەبارەت بە رۆڵی کۆماری ئیسلامی لە پەرەپێدانی ناسەقامگیری، شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا کرد. هەروەها هەردوو لا پرسی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی و پشتیوانی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

لە کۆتایی دیدارەکەدا بەڕێز شەرەفی دووبارە سپاسی گاری کێنتی کرد بۆ سەردانەکەی و دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ حیزبی دێموکرات.