کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حیزب لەگەڵ فراکسیۆنی سەوزی پارلمانی ئاڵمان کۆبووەوە

00:04 - 2 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: بارودۆخی نالەباری ئابووری و سیاسیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و زەبر و زەنگ رێژیم لەهەمبەر خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئەو بەشەی کوردستان، بەشێک لەو باسانە بوون کەلە دیداری سکرتێری گشتیی حیزب و پارتی سەوزی ئاڵمان هاتنە ئاراوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی دیدارەکانیدا لە وڵاتی ئاڵمان، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٣١ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەگەڵ فراکسیۆنی پارلمانیی پارتی سەوزی ئاڵمان کۆبوونەوە.

سکرتێری گشتیی حیزب لەگەڵ هیوا بەهرامی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، لەلایەن \'\'دوکتور فریتیۆت شمیدت\'\' جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوزی ئاڵمان و \'\'مارتین ویلک\'\' راوێژکاری ئەو فراکسیۆنە پێشوازیی لێ کرا.

لەو چاوپێکەوتنەدا مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب، کۆمەڵێک بابەتی گرینگی پێوەندیدار به کوردستان و ئێران و ناوچەکەی خسته بەر باس. سەبارەت به بارودۆخی ئێران، هیجری ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسی و ئابووریی کوردستان و به تایبەت سیاسەتی توندوتیژی و هەڵاواردنی رێژیمی لەمەڕ گەلی کورددا و وتی: رێژیمی ئیسلامی له سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە هەتا ئێستا توندترین سیاسەتی بەرانبەر به گەلی ئێمه گرتووەته بەر، ئەمە له کاتێک دایه که خەباتی ئێمه بۆ وەدەست هێنانی مافه رەوا نەتەوەیی و چەسپاندنی دێموکراتی له وڵات دایه.

هیجری وتیشی: رێژیمی کۆماری ئیسلامی رێژیمێکه که زەرفیەتی ئاڵوگۆڕی ئەرێنی و ریفۆرمی تێدا نییه و ئاڵوگۆڕەکانی دەوڵەته یەک له دوای یەکەکان تەنیا رواڵەتییه. وەک نموونەش باسی هەموو ئەو بەڵێنانەی روحانیی کرد که پاش هەڵبژاردنی تەنانەت یەک بەڵێنیشی له پێوەندی لەگە‌ڵ مافی کەمایەتییه ئێتنیکی و ئایینیەکانی ئێرانی به جێ نەگەیاند.

له درێژەی قسەکانیدا سکرتێری گشتیی حیزب باسی بەرخۆدانی بەردەوامی خەڵکی رۆژهەڵاتی کرد و وتی: کوردی رۆژهەڵات وێڕای هەبوونی زەبر و زەنگی بێ سنووری رێژیم، له هەموو دەفەتێکدا ناڕەزایەتی و دژایەتیی خۆیان به رێژیم نیشان دەدە‌ن و لە تازەترین سەرهەڵدانیشدا له چە‌ند شاری کوردستان و به تایبەت له شاری مەهاباد، هێزه سەرکوتکەر‌‌کانی رێژیم به دەیان کەسیان بریندار کرد و دەیانی دیکەشیان زیندانی کردووه.

هیجری هەروەها وتی: ئێمە وەک حیزبی دێموکرات هیوادارین که ئەحزابی دۆستمان له رۆژئاوا و به تایبەت پارتی سەوز، بەرانبەر به گیرانی ئەو خەڵکه هەڵوێستیان هەبێت و له هەر رێگایەکەوه بۆیان دەنگونجێت هەوڵی رزگارکردنیان بدەن.

دواتر د. شمیدت وێڕای دەربڕێنی خوشحاڵیی خۆی بو ئەو چاوپێکەوتنه، وتی: ئێمه وەک پارتی سەوزی ئاڵمان هەر دەم خۆمان به دۆستی کورد له هەر چوارپارچەی کوردستان زانیوه و داواکاریەکانیان به رەوا دەزانین و چەندیش بۆمان بکرێت، پشتگیریان دەکەین.

له درێژەی قسەکانیدا د. شمیدت وتی: ئێمەش دەزانین که پاش هاتنه سەرکاری روحانی له ئێراندا، هیچ چە‌شنه ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنیی لەو وڵاتەدا ناهاتووەته ئاراوه.

ناوبراو وتی: به گشتی له نیزامی توتالیتێر، یان دیکتاتۆریدا چاوەڕوانی ریفۆرم له خەیاڵ زیاتر نییە.

د. شمیدت سەبارەت به دانووستانەکانی نێوان ١+٥ لەگەڵ ئێران وتی: هیوادارین بتوانین بە ئاکامێک بگەین که نەهێڵین ئێران دەستی به چەکی ناوکی رابگات. بەڵام ئەگەر ئەو کێشەیەش چارەسەر بکەین، چەندین کێشەی دیکەش دەمێنن و لەوانه هەڵسوکەوتی رێژیم لەگەڵ خەڵکی ئێران و سیاسەتەکانی له ناوچەکەدا کێشەی سەرەکین و ئێمەش ناتوانین چاوپۆشیی لێ بکەین.

له کۆتاییدا شاندی هەر دوو لا لەسەر هەرچی زیاتر پتەوکردنی پێوەندییەکانیان هەروەها گۆڕینەوەی زانیاری و را و بۆچوون پێداگرییان کرد.