کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی خۆراسانی باکوور دەستبەسەر کرا

19:25 - 23 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سکرتێری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی خۆراسانی باکوور و بەرپرسی شورای هاوئاهەنگی دامەزراوەکانی مامۆستایانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە لە شاری بجنوورد دەستبەسەر کرا.

محەمەدڕەزا ڕەمەزانزادە، سکرتێری ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایانی پارێزگای کوردنیشنی خۆراسانی باکوور و بەرپرسی شورای هاوئاهەنگی دامەزراوەکانی مامۆستایانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی ڕەزبەر بەرانبەر بە ۱٤ی ئۆکتۆبر، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری بجنوورد دەستبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

سەرچاوە خوجێیەکانی خۆراسانی باکوور بڵاویان کردوووەتەوە کە ئەو مامۆستایەی شاری بجنوورد پاش دەستبەسەر بوون و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ئەو شارە، مانی لە خواردن گرتووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا شورای هاوئاهەنگی دامەزراوەی پیشەیی مامۆستایانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم مامۆستایانی ئێران کردبوو کە لە ڕۆژەکانی ۲۲ و ۲۳ی ڕەزبەر بەرانبەر بە ۱٤ و ۱۵ی ئۆکتۆبر، بە مانگرتنی سەرتاسەری لە ئێراندا ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی مامۆستایان، نالەباری بارودۆخی قوتابخانەکان، دابین نەکردنی پێداویستییەکانی مامۆستایان، زیاد نەکردنی مووچەی مامۆستایان و سەرجەم ئەو نابەرابەرییانەی کە بەرانبەر بە مامۆستایان دەکرێت و جێبەجێی کردنی داخوازییەکانیان، ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن.

کاریگەری مانگرتنەکە بە ئاستێک بەهێز بوو کە هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم پەنایان بۆ دەستبەسەر کردنی مامۆستایان و بەرپرسی ئەنجومەنەکانی تایبەت بە مامۆستایان بردووە و بەرپرسانی ڕێژیمیشی هێناوەتە دەنگ و مامۆستایانی بەشداربووی مانگرتنەکە بە فریوخوادووی دەستی بێگانەیان ناوبردوون.