کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەت لە نێوان هونەر و ئیدئۆلۆژیدا

22:07 - 8 رەزبەر 2716

کەریم پەرویزی

نامەوێ بڕۆمە نێو قووڵایی هونەر و ئیدئۆلۆژی، چوونکە باسێکی فیکری و فەلسەفیی ڕەگ‌وڕیشەدارە و لە توانای مندا نیە کە خۆ لەو باسە گرنگ و ئێجگار قووڵە بدەم. ئەوەی کە لەم سەردێڕەدا هاتووە و دەمەوێ ئاماژەیەکی پێ بکەم، باسکردنە لە دوو هێڵی جیاوازی هزری و پراکتیکی بۆ سیاسەت، ئەڵبەت سیاسەت لە مانا فیکریەکەیدا نەک لە واتا ئەدەبی و ئەدەبیاتی پۆپۆلیستیەکەیدا، کە بە واتای درۆکردن و دوو ڕوومەتی پێناسە دەکرێ.

سیاسەت لە واتەیەکی فیکریدا، هەوڵێکی هزری- پراکتیکیە بۆ ئیدارەکردنی دەسەڵات و دەستێوەردان لە کاری دەسەڵاتدا. بەم شێوەیە، دەسەڵات ئەو هێزە چڕکراوە و مل بۆ ڕاکێشراوەیە کە کۆمەڵگایەک ڕێک دەخا و خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە.

بۆ ئەوەی زۆر دوور نەکەوینەوە لە ئەسڵی باسەکە، پێم وایە کە سیاسەت دوو هێڵی جیاواز دەگرێتە خۆ، هێڵێک بۆ وەگەڕخستنی تواناکانی کۆمەڵگا و هێڵێک بۆ گوێڕایەڵ کردنی کۆمەڵگا. لەو هێڵەیدا کە لەباتی ئاغاوەتی بەسەر کۆمەڵگادا دەیەوێ کۆمەڵگا وەکوو بکەرێکی چالاک دەوری هەبێ، سیاسەت لای ئەو هونەرە. هونەرێک کە لە هزرەوە سەرچاوە دەگرێ و ڕوو لە مرۆڤ دەکا و کۆمەڵگا بە بەردەنگ دەزانێ و لەوێدا ئافراندن و خولقاندن، دەبێ بە پێناسەی سیاسەتی سەرکەوتوو. لەو بیاڤەدا هونەر لە چەقبەوستوویی دوور دەکەوێتەوە و سیاسەت دەبێ بە هونەری مومکین.

لە هێڵی دووهەمدا کە دەیەوێ کۆمەڵگا بکا بە کومەڵێ مەڕوماڵات و بەڕێوەیان ببا و ملکەچیان بکا، سیاسەت لە مرۆڤەوە دوور دەکەوێتەوە بۆ وەهم و تراویلکە. لەباتی بە بەردەنگ گرتنی کۆمەڵگا، دروشم دەبێ بە پێناسەی سەرەکی و لەباتی بەشدارکردنی کۆمەڵگا لە بەڕێوەبردنی خۆیدا، پەیامی ترس و تۆقاندنیان بۆ دەڵێتەوە. جا لەم هێڵەدا جیاوازییەک لە نێوان پەیامی ویلایەتیی فەقیهی و پەیامی دیکتاتۆریی پرۆلتاریا و پەیامی شارستانیەتی کۆنی هەخامەنشی و کاهینەکانی سومەری‌دا نیە، چوونکە ڕەنگە دەربڕینەکان یەک بن، بەڵام ئامراز و شێوازی ڕوانین بۆ کۆمەڵگا یەکە و پەیامەکەیان بۆ تۆقاندنە تاکوو لە سەر هێڵی دیاریکراوی قۆرخکەرانی دەسەڵاتەوە دوور نەکەونەوە. لێرەدا سیاسەت لە مانا مرۆڤیەکەی دوور دەکەوێتەوە و دەبێ بە ئیدئۆلۆژی. لێرەو لەم هێڵەدا سیاسەت دەبێ بە عەینی دیانەت و ئیدئۆلۆژی و شارستانیەتی کۆن! ئەوەندەی پێڕەوکردنی هێڵەکانی ئیدئۆلۆژییەکە گرنگە، ئەوەندە ژیانی مرۆڤ و بەختەوەری و ئاسوودەیی کۆمەڵگا گرنگ نیە.

بڕۆینەوە سەر هێڵی سەرەکیی باسەکە،

لە ڕەوتی بەئیدئۆلۆژی کردنی سیاسەتدا ئەوەندە دروشم دەدرێ کە خودی قۆرخکەرانی دەسەڵاتیش تێیدا دەمێننەوە. دروشمی نەمان بۆ ئیمپریالیزم و دروشمی شەڕ شەر تاکوو سەرکەوتن و دروشمی دژایەتی لەگەڵ شەیتانی گەورە و دروشمی دژایەتیی لەگەڵ بورژوازیی باڵندە و دروشمی دژایەتی لەگەڵ هێڵی ناپاکی ناسیۆنالیزم و دروشمی سنوورە پیرۆزەکانی ئێران و دروشمی نیشتمانی کوروش و...، ئەوەندە دێنەوە نێو زار و دەوترێنەوە، کە سەر لە قۆرخکەرانی دەسەڵاتداریش دەشێوێندرێ!

لەگەڵ شەیتانی گەورە ڕێک دەکەون، کەچی هێشتا دروشمی نەمان بۆ شەیتانی گەورە لە نێو زاریاندایە! بە چەکوچۆڵی ئامریکایەوە و لە ژێر فەرمانی ژەنەڕاڵەکانی ئامریکادا لە سووریە شەڕ دەکەن و دروشمی نەمان بۆ ئیمپریالیزم و پیلانگێڕییەکانی ئامریکا دەڵێنەوە! هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان بە دەستی ڕێژیمی خومەینی ئێعدام دەکرێ و کەچی بە وەهمی پاراستنی سنوورە پیرۆزەکان و لەبەر ترسی دابەشبوونی ئێران لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی تاران هاودەردی دەکەن و ئامادەیی بۆ پشتیوانی لە ڕێژیمی کۆماری سێدارە دەردەبڕن.

لەم هێڵەدا ئیدئۆلۆژی سەریان لێ دەشێوێنێ و فەرامۆش دەکەن کە ئیدئۆلۆژیەکەیان زۆر دەمێکە لەگەڵ دۆخی ئێستا و سەردەم ناگونجێ و سەدان کەموکووڕی و گرفتی لێ ئاشکرا بووە، بەڵام وەهمی گەیشتن بە یۆتۆپیا بەری نەداون.

هێڵی دیکە، سیاسەت وەکوو هونەری مومکین چاو لێ کردن، بۆ گەوجاندنی کۆمەڵگا نیە، بەڵکوو دیالۆگە لەگەڵ کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی بە ئافراندن و خولقاندنی ڕێگای نوێ، کۆمەڵگا بە ئاسوودەیی بگا و مرۆڤ بە ئازادی. لێرەدا دروشم گرنگ نیە، بەڵکوو ئاکامی هونەرێکە کە لە نێو مومکیناتدا بەدوای باشترین و گونجاوترین ڕێگادا دەگەڕی تاکوو یان لەدەسەڵاتدا بەشدار بێ، یان سیاست بکا بە ئامانجی دەستێوەردانەکانی و بنەماکانی هێزوەگرتنی لەق بکا تاکوو قۆرخکەرانی دەسەڵات بزانن و تێ بگەن کە پرۆسەی چەواشەکارییان سەرنەکەوتووە و کۆمەڵگا نەبووە بە ڕانەمەڕ.

لێرەدایە کە حیزبێکی وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە نێوخۆ و دەرەوی نیشتمان و لە ئێران و ناوچە و جیهاندا بەدوای درگایەکدا دەگەڕێ کە بۆی بکرێتەوە و بڕواتە ژوورێ و بڵێ کە نەتەوەی کورد لە ئێرانی ژێر ستەمی ویلایەتی فەقیهیدا، نایەوێ کۆیلە بێ.

بۆیە بە ڕاشکاوی لە هەموو درگایەکی دیپلۆماسیی مومکین دەدا و هەوڵی پێوەندی گرتن دەدا. قەتی نەشاردۆتەوە و قەتیشی ناشارێتەوە کە وەکوو نوێنەری بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەوڵ دەدا کە هاوپەیمان بۆ بزووتنەوە ڕەواکەی پەیدا بکا. لەهەوڵی هاوئاهەنگ‌کردنی حیزبەکوردیەکانی کوردستانی ئێراندا دەبێ. لە درگای بەلووچ و عەرەب و تورک و تورکمەن لە نێو ئێران دەدا. لەگەڵ حیزب و لایەنە دێموکرات وسێکۆلارەکانی ناوچە دادەنیشێ بۆ ئەوەی پشتیوانی لە خەباتەکەی بکەن. لە نێو دەوڵەتاندا دەگەڕێ تاکوو پاڵپشتی خەباتی ڕەوای کورد بن، چوونکە لە پێوەندییەکانی ئەمڕۆدا ئەسڵێک بە ناوی ئەسڵێ دەستێوەردانی مرۆیی وردە وردە جێ دەگرێ و چیدی دەسەڵاتی دیکتاتۆری وڵاتان خاوەنی ئەو پیرۆزییە نین کە گوێ بۆ هیچ یاسایەکی مرۆیی شل نەکەن.

لەو دەلاقەیەوە، حیزبی دێموکرات بە مافی خۆی و بزووتنەوەی ڕەوای کورد دەزانێ کە لەگەڵ هەرلایەک کە بە پێویستی بزانێ و بەتایبەت ئەو حیزب و لایەن و دەوڵەتانە پێوەندی بگرێ کە کۆماری ئیسلامی و ئیدئۆلۆژییەکەی وەکوو بڤە و هێڵی سوور بانگەشەی دەکەن. ئێستە ئەو لایەن و دەوڵەتە، دەوڵەتی عەرەبستان بێ یان ئیسراییل یان بریتانیا یان ئامریکا یان هەر وڵاتێکی دیکە. چوونکە حیزبی دێموکرات دەیەوێ پێوەندی بگرێ بۆ پەیداکردنی پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای نەتەوەیەکی بەشخوراو. لە لای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێوەندی گرتن بۆ بەهێزبوونی کۆمەڵگایەکی ستەملێکراوە، نەک بۆ شتی دیکە. بەڵام ئەوەش نابێ لەبیر بکرێ کە پێوەندیی دوو لایەنەیە و ڕەنگە حیزبی دێموکرات هەوڵی پێوەندی‌گرتن بدا، بەڵام لایەنێک لەو ئاستەدا کە چاوەڕوانی دەکرێ نەیەتە پێش، کە ئەمە باسێکی دیکەیە.

ئەوەی کە لە کۆتاییدا جێگای ئاماژەپێدانە ئەوەیە کە هەندێ بیرکردنەوە وا دەنوێنن کە هەر جۆر پێوەندییەک لە نێوان هێزی کوردی و دەوڵەت و لایەنەکانی دیکە، لە ئاستی پێوەندی‌دا نامێنێ و دەچێتە ئاستی کۆیلەتی و مل ڕاکێشان. ئەم بیرکردنەوە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە زۆر هێز و حیزب چ لە غەیرە کورد و چ لە نێو کورددا، لە مێژوودا هەبوون و ڕەنگە ئێستاش بکرێ نموونەیان ببینیەوە کە پێوەندییەکانیان چۆتە خانەی کۆیلەتی و بوون بە داردەستی لایەنی دیکە! ئەم ئەزموونە نادروستانە وای کردوە کە جۆرە ڕوانینێک بێتە ئاراوە و دەستی دوژمن و هەندێ لەو جۆرە هێزە کۆیلانەشی تێدا هەبێ کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێوەندی‌گرتنی حیزبی دێموکرات لەگەڵ فڵان شوێن خراپە چوونکە دەبنە داردەستی ئەوان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی خۆیدا نیشانی داوە کە لەپێوەندی‌گرتندا چەندە لەڕووی پرەنسیپی نەتەویی و خەباتکارانە و سیاسیانە هەڵسوکەوتی کردووە و چەندە باجی بڕیاری سەربەخۆی خۆی داوە. لای حیزبی دێموکرات لە نێوان پێوەندی و کۆیلەتی‌دا بە ئەندازەی ئۆقیانووسێک مەودا هەیە.