کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیستان و بەلووچستان کۆلکسیۆنی قەیرانەکانه

11:18 - 22 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: کێشە، گرفت و قەیرانەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بوارە جیاجیاکاندا لەوپەڕی خۆی دایه و نابەرپرسیارەتی، کاربەدەستانی ڕێژیم قەیرانەکانی قووڵتر کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، پارێزگای سیستان و بەلووچستان ڕکۆردی بەجێماوانی لە خوێندن لە ئاستی ئێراندا هەیە، کێشە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابوورییەکان لەو پارێزگایەدا سێبەری بەسەر ژیانی خەڵکدا کێشاوە و ئەمنییەتی ژیانی دانیشتوانی ئەو پارێزگایەی خستووەتە مەترسییەوە.

لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان منداڵان لە تەمەنی ٦ هەتا ١٢ ساڵ زۆربەیان بە هۆی هەژاری ناتوانن بچنە قوتابخانەکان و لە خوێندن بەجێ دەمێنن.

جێگری پەروەردەی سەرەتایی لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان باسی لەوە کردووە، لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا ١٤٢ هەزار منداڵ بە هۆی کێشەی هەژاری و نەبوونی ئیمکانات لە خوێندن بەجێماون.

کە ڕێژەی نەخوێندەواریی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە ٢٤ لەسەد، پارێزگای سنە بە ١٨.٥ لەسەد و پارێزگای ورمێ بە  ١٨ لەسەد، پارێزگای ئیلام ١٥.١ لەسەد، پارێزگای کرماشان بە ١٥.٥ لەسەد و پارێزگای لوڕستان بە %١٧خەمڵێندراون. لە کاتێکدا پارێزگا فارسنشینەکانی وەک تاران ڕێژەی نەخوێندەواریان ٧.١ لەسەدە، پارێزگای ئەلبۆرز و سمنانیش بە جیاوازییەکی کەمەوە لە پاش پارێزگای تارانن.

 لەئامارێکدا کە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە لایەن ڕێکخراوی "نهضت سوادآموزی" بڵاو کرایەوە، بەپێی سەرژمێری گشتیی هاووڵاتییان لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە ئێراندا، ٨ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار نەخوێندەوار هەیە.
بەپێی ئامارەکان، ژمارەی نەخوێندەواران و کەمخوێندەواران لە ١٣ پارێزگای ئێراندا بەرز بووەتەوە، لە پارێزگا سنوورییەکانی ئێران، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و نەخوێندەواری لە چاو بەشەکانی تری ئێراندا زۆر لەسەرترە، بە شێوەیەک کە پارێزگای بەلووچستان لە پلەی یەکەمدایە و پارێزگای کوردستان لە پلەی دووهەمدایە.
لە لایەکی دیکەوە خراپیی باری ئابووریی ئەم ناوچانە، هۆکارێکی دیکەی نەخوێندارییە، کە قوتابیان و خوێندکاران لە تەمەنێکی کەمەوە زۆرجار بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن و ڕوو لە بازاڕی کار بکەن.