کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیستمی بانکیی ڕێژیمی ئێران گۆشەگیر کراوە

12:53 - 12 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتی چالاکییەکانی بانکی میللیی ڕێژیمی ئێرانی لەم وڵاتەدا سنووردار کرد.

بانکی ناوەندیی عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی گەمارۆکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، چالاکییەکانی بانکی میللیی ئەو ڕێژیمەی لەو وڵاتەدا کەم کردەوە.

''موحسین ئەمین زارع''، جێگری کاروباری دراو و نێودەوڵەتیی بانکی میللیی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند: ''بانکی میللی، ٣ لقی لە شارەکانی بەغدا، نەجەف و بەسرە لە وڵاتی عێراقدا هەیە کە بەهۆی پێداگرییەکانی ئامریکا، چالاکییەکانی کەم بووەتەوە.''

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کرد: ''لە هەر لقێکی بانکی لە وڵاتی عێراقدا، کەسێکیان مەئموور کردووە و پێش بە زۆرێک لە چالاکییەکانی ئێمە دەگرێت. نزیکەی ٦مانگە بە دوای چارەسەریی ئەم کێشەیەدا دەگەڕێین، بەڵام بە ئاکام ناگەین".

بانکی ناوەندیی عێراق، هاوینی ساڵی ڕابردوو لە نامەیەکدا داوای لە هەموو بانکەکانی ئەو وڵاتەی کردووە کە لەمەوبەدوا، لەگەڵ بانکەکانی ڕێژیمی ئێراندا مامەڵەی دۆلاری نەکەن.

''حەیدەرعەبادی ''، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕایگەیاندبوو کە دژی سەپاندنی گەمارۆکانی ئامریکا بە سەر ڕێژیمی ئێرانە، بەڵام بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتی عێراق، گەمارۆکان بە کردەیی دەکات.

بە دەستپێکی گەمارۆکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، سیستمی بانکیی ئەو ڕێژیمە لە ڕێزبەندیی گەمارۆکانەوە جێی گرتووە و و سووڕی ماڵی و سیستمی بانکیی ڕێژیم  لە بازرگانیی جیهانیدا تێکچووە و هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووەتەوە.