کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمکارتەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئێراندا تۆمار ناکرێن

19:43 - 14 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری "ئیرتیباتاتـ"ـی ڕێژیمی ئێران، تۆمارنەکرانی سیمکارتەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ هەبوونی کێشە لە دیزاینی تۆڕی ئەمنییەتیی "ناجا"دا گەڕاندووەتە.

تۆمارنەکردنی سیمکارتەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئێراندا، ئاڵۆزیی خستووەتە نێوان وەزارەتی "ئیرتیباتات" و "ناجا"، چونکە هێزەکانی حیزبوڵڵا پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە هەیە.

"محەممەدجەواد ئازەری جەهرۆمی" ،وەزیری "ئیرتباتاتـ"ـی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە دیاریکردنی شوناسی بەکاربەرانی ئینتێرنێت لە دنیای مەجازیدا، ڕایگەیاندووە کە ئەم بابەتە تاکوو ئێستا لە شۆرای باڵای دنیای مەجازیدا پەسەند نەکراوە.

ئەم وەزیرەی ڕێژیم وێڕای ئاماژە بە هەبوونی هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئێراندا، باسی لەوە کردووە کە بە هاوکاریی ناوەندی میللیی دنیای مەجازی، ئۆپێراتۆرەکان و هەروەها ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسی، زیاتر لە ١٧ ملیۆن سیمکارتی بێ شوناس لە تۆڕەکانی ئێران دەرهێنراون.

"ئازەری جەهرۆمی" سەبارەت بە تۆمارنەکردنی شوناسی سیمکارتەکانی حیزبووڵڵا لە ئێراندا وتوویەتی: "دانیشتووانی وڵاتانی دیکە بە پاسپۆرتەکانی خۆیانەوە دەتوانن سیمکارت بکڕن و بۆ پێشگرتن لە کێشە دەبێ بانکی زانیاریی ناجا پەیوەست بە سیستەمی شوناسی ئۆپێراتۆرەکانەوە بێت کە بەهۆی دیزاینی تۆڕی ناجا، دەستپێڕاگەیشتن بە بانکی زانیاریی ئافلاین و بۆ ٢٤ کاتژمێر دواکەوتووە. دوابەدوای ئەم کێشەیە، حیزبوڵڵا پێوەندیی پێوە گرتووین و ڕایگەیاندووە کە ئامریکا گەمارۆی خستووەتە سەرمان و ئێوەش سیمکارتیان پێ نادەن".

وەزیری "ئیرتیباتاتـ"ـی ڕێژیم لە ناڕەزایەتی بە چاوەدێریکردنی سیمکارتەکانی حیزبووڵڵا لە لایەن ناجاوە، وتوویەتی: "نازانم وەزارەتی ئیترتیباتات وەبەرایەتیی زۆرترە یان ناجا؟"

تۆمارنەکرانی سیمکارتەکانی حیزبوڵڵا لە سیستمی ئەمنییەتیی ئێراندا لە حاڵێکدایە کە خودی هاووڵاتییانی ئێرانی بە توندترین شێوە لە دنیای مەجازیدا لەژێر چاوەدێریدان و بەردەوام لە ڕێگای دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت.