کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ زیندانیی سیاسی کورد لە زیندانی کرماندا مانیان گرت

11:24 - 8 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سێ زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە هەمبەر هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسی حیفازەت ئیتلاعاتی کرمان، مانیان گرت.

ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" بڵاوی کردووەتەوە، سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "تاهێر خۆرشیدی، فاروق شاروێرانی و ئەمیر پەیغامی"، خەڵکی شاری شنۆ، لە زیندانی کرماندا مانیان گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ زیندانییە سیاسییە، لە هەمبەر هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسی حیفازەت ئیتلاعاتی زیندانی کرمان و گوشارهێنان بۆ ئەو سێ زیندانییە سیاسییە کوردە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و دەستیان داوەتە مانگرتن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارەیە وتی: "بەرپرسی حیفازەتی زیندانی کرمان، هەڕەشەی لەو سێ زیندانییە سیاسییە کوردە کردووە کە مووی سەریان وەکوو عیبرەت بۆ زیندانییانی دیکە دەتاشێت".

ئەو سێ زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦،  لە لایەن دادگای نیزامیی شاری ورمێوە، سەرجەم بە ١٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کرمان مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە، ڕۆژی شەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، بە پارێزەرانی ئەو سێ زیندانییە کوردە ڕاگەیەندرابوو کە "تاهێر خورشیدی" بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "ئەمیر پەیغامی" بە ٤ ساڵ و "فاروق شاروێرانی" بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون.

دادگای نیزامیی شاری ورمێ، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦، "تاهێر خورشیدی" و "فاروق شاروێرانی" لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی کرمان دوورخرابوونەوە و "ئەمیر پەیغامیـ"ـش ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ، بۆ زیندانی کرمان دوورخرایەوە.