کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ڕووداو کە ئێرانیان هێناوەتە لێواری شۆڕش

20:34 - 15 پووشپەڕ 2718

ئیدریس ئەحمەدی

بارودۆخی نێوخۆیی ئێران دینامیکە، مانگ بە مانگ و تەنانەت حەوتوو بە حەوتوو لە گۆڕاندایە. ئەگەر بەر لە حەوت مانگ لەمەوپێش، ئێران پێی نابووە نێو دۆخی شۆڕشەوە، لە دوو مانگی ڕابردوودا ئەگەری ڕوودانی شۆڕش لەو وڵاتەدا زیادی کردووە، هەرچەند ناکرێ بڵێین بەدڵنیاییەوە ڕوودەدا یان سەردەگرێ.

لە ئارادابوونی دۆخی شۆڕش بە بێ بەرپابوونی شۆڕش لە ئێراندا کۆمەڵێک هۆکاری هەیە؛ یەکەم هۆکار، یاداوەری تاڵی شۆڕشی پێشووە، کە ڕێژیمێکی سەرەڕوی وەکوو ئەوەی پێشوو هێنایە سەر کار.

هۆکاری دووهەم ئەزموون وەرگرتنە لەو شۆڕشە لەلایەن نوخبەی فارسەوە. ئەو ئەزموونەش ئەوەیە کە شۆڕش دەشێ هەم دەرکەوتی ناڕوون و بگرە پێچەوانەی چاوەڕوانی شۆرشگێڕانی لێ بکەوێتە، هەمیش لەدەستدانی حاکمیەتی نەتەوەی فارس بە سەر تەواویەتی ئێراندا و ئەوەی ئەوان کردوویانە بە کابوسێک بۆ خۆیان، واتە "پارچەپارچەبوونی ئێران"، ببنە مەترسی جیددی. ئەمەش وای کردووە کە بەناو رێفۆرمخوازەکان، کە لە ڕاستیدا ئامانجیان پاراستنی کۆماری ئیسلامییە، نەک پێکهێنانی گۆڕان، بتوانن ناسیۆنالیستی فارس و بە تایبەت چینی نێوەڕاست بکەن بە پشتیوانی خۆیان؛ بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٩دا، بزووتنەوەی سەوز ئامانجەکانی لە چوارچێوەی ململانێی نێوان باڵەکانی ڕێژیمدا دەردەبڕی، نەک ئەوەی ئامانجی تێپەڕاندنی کۆماری ئیسلامی هەبێ. ئەمەش وای کرد کە ئەو بزووتنەوەیە لە ناوچە فارسنشینەکان، ئەویش لە شارە گەورەکان و لە نێو چینی نێوەڕاستدا، قەتیس بمێنێتەوە.

هۆکاری سێهەم شکستخواردنی هەوڵەکانی ئەمریکا بوو لە ئەفغانستان و عێراق لە پەیوەندی لە گەڵ جێگیرکردنی دێموکراسیدا. وێڕای گرفت و بەربەستی نێوخۆیی، ئێران وەک وڵاتێکی دراوسێ دەوری سەرەکی لە شکستپێدانی ئەو هەوڵانەدا گێڕا. دواجاریش بەهاری عەرەبی و ئەو دەرکەوتە نەخوازراوانەی کە لێی کەوتەوە، وێڕای سیاسەتی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا کە هەم لە ڕووی سیاسی و هەمیش لە بواری داراییەوە یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامی بوو، مەسەلەی شۆڕشی لە ئێران وەدرەنگ خست.

هۆکاری چوارەم، ترسی خەڵکە لە سەرکوتکردنی بێبەزەییانە لەلایەن ڕێژیمەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کوردستان و بەلووچستانی لێ بەدەر، هێزی چەکدار و ورەبەخش لە ئارادا نییە بۆ ڕووبەڕوونەوەی ڕێژیم. لەلایەکی دیکەوە، هاوسۆزی و هەڤاڵبەندی لە نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان و نەتەوەکانی ئێراندا وجوودی نییە. بە واتایەکی دیکە، وێڕای ترس لە سەرکوت، زەمینەی پێکهێنانی ئوپۆزیسیۆنێکی فرەڕەنگ و بەرین لە گشت وڵاتدا، هێشتا لە ئارادا نییە.

قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەری و ژینگەییەکانی ئێران کەڵەکەکردوو و دەرهاویشتەی سیستمی سیاسی وڵاتن. ئەو قەیرانانە سیستمین؛ بۆیەش کەڵەکەیان کردووە و هاوئاراستەن و بە بێ گۆڕینی سیستمی سیاسی، یان گۆڕینی ڕێژیمی حاکم، ناکرێ چارەسەر بکرێن. ئەگەر بە هۆی ئەو جیاوازییانەوە نەبایا کە ئاماژەیان پێ درا، بە تایبەتی جیاوازی نەتەوەیی، ئەو قەیرانانە دەیانتوانی زووتر کۆتاییان بە کۆماری ئیسلامی هێنابایە. ئەمەش وا دەکا کە لە ئێراندا بەردەوام ناڕەزایەتی و تەنانەت خۆپیشاندانی جەماوەری سنووردار بە هەرێم یان چین و نەتەوەی جیاواز هەبێ، بەڵام بەبێ شۆڕش.

هەڵبەت سێ پارامێتر لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، کە نەک تەنیا ئێرانیان هاویشتووەتە دۆخی شۆڕشەوە، بەڵکوو هێناویانەتە سەر لێواری شۆڕش.

یەکەمیان خۆپیشاندانی جەماوەری بوو لە زۆر شوێنی ئێران لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ و سەرەتای ٢٠١٨. ئەو خۆپیشاندانانە هەم پانتایی جوگرافی بەرینتر، هەمیش ئامانجی ڕێژیم‌ڕوخێنەریانهە بوو، بە تایبەت بە بەراورد لە گەڵ خۆپیشاندانەکانی "بزووتنەوەی سەوز" لە ساڵی ٢٠٠٩. گرفت لەوەدا بوو کە ئەمجارەیان چینی هەژار، کە ئەکتەری سەرەکی ئەو خۆپیشاندانانە بوو، بە تەنیا مایەوە لە بەرانبەر ماشینی سەرکوتی ڕێژیمدا.

دووهەم گۆڕان هاتنە دەرەوەی ئەمریکا بوو لە ڕێککەوتنی ناوکی، کە قەیرانی ئابووری لە ئێراندا قووڵتر کردووەتەوە. سیاسەتی ئەمریکا بریتییە لە تێکهەڵپێچانی (مهارکردن) کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی فەراهەمکردنی زەمینەی داڕمان یان کۆلاپسی ڕێژیم لە نێوخۆوە، مەگەر ئەوەی ڕێژیم بە ئامادەبوون بە وتووێژ وەخت بۆ خۆی بکڕێ تاکوو ئەو کاتەی ئیدارەیەکی نوێ لە ئەمریکا دێتە سەر کار.

سێهەم پارامێتر کە گۆڕاوە، هاتنە مەیدانی چینی نێوەڕاست و داخستنی بازاڕی تارانە، کە پاش نزیک بە چوار دەیە، یەکەمجارە ڕوو دەدات.

گۆڕان لەو سێ پارامێتەردا گرنگە، هەڵبەت بۆ ئەوەی شۆڕش ڕوو بدا، پێویست دەکا چینی هەژار و نێوەڕاست هاوکاری و هەڤاڵبەندی چینایەتییان هەبێ. ئەوەی کە ئایا، بە لەبەرچاوگرتنی فرەنەتەوەبوونی ئێران، بەرپابوون و سەرکەوتنی شۆڕش پێویستی بە هەڤاڵبەندی نێوان نەتەوەکانی ئێرانیش هەیە یان نا، ئەویش شایانی باسە.

هەڤاڵبەندی نێوان نەتەوەکانی ئێران مەرجی پێویست نەبوو بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩، چوونکە دوابەدوای داڕمانی ڕێژیم لە ناوچە فارسنشینەکان، ڕێژیم لە کوردستان، بەلووچستان و هەرێمەکانی دیکەش ڕووخا. هەڵبەت ئەو ئەزموونانەی کە نوخبەی فارس لە شۆڕشی ١٩٧٩ وەریانگرتووە و ترسێک کە هەیانە لەوەی نەتەوە زوڵملێکراوەکان بتوانن دەسکەوتی نیزامی و سیاسییان هەبێ، وای کردووە مەسەلەی فرەنەتەوەبوونی ئێران دەور بگێڕێ لە پەیوەندی لەگەڵ نەبوونی هەڤاڵبەندی نێوان چینی نێوەڕاست و چینی هەژار؛ ئەویش بە نۆرەی خۆی بووەتە هۆی لەئارادابوونی دۆخی شۆڕش بەبێ بەرپابوونی شۆڕش. ئەمەش لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ناسیۆنالیزمی فارس کە لە شکڵی ئێستایدا، لەگەڵ دێموکراسی و بەرابەری نێوان نەتەوەکان ناگونجێ، هەرچەند بێ گومان نەبوونی هەڤاڵبەندی نێوان ئەو دوو چینە هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی چینایەتیش. چینی نێوەڕاست ئامادە نییە هەڤاڵبەندی لەگەڵ چینی هەژاردا بکا بۆ گۆڕینی نیزامی مەوجوود، مەگەر ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بکەوێتە خەتەرەوە یان ئەوەی ئازادی و دێموکراسی بوێ.

 بە واتایەکی دیکە، چینی نێوەڕاست ترسی هەیە باڵادەستی نەتەوەی فارس لەنێو بچێ، هەرچەند لە شکڵی "خەتەری پارچەپارچەبوونی ئێران" دەریدەبڕێ، بۆیەش خۆی بواردووە لە هەڤاڵبەندی لە گەڵ چینی هەژار لە پێناو ڕووخاندنی ڕێژیمدا. چینی هەژار ئامانجی ڕزگار بوونە لە دەست کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە ماڵوێرانکەرەکانی. سیاسەتە قەیرانپێکهێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیدا، وێڕای گەندەڵی بەرچاوی دەسەڵاتدارن، وایان کردووە کە لای چینی هەژاری ناوچە فارسنشینەکان، دواجار نان لە ناسیۆنالیزم گرنگتر بێ. ئەمە بە پێچەوانەی خەڵکی هەژاری کوردستان، بەلووچستان، ئەهواز و هتد، کە بە هۆی زوڵمی نەتەوایەتییەوە، نان و ناسیۆنالیزم بۆ ئەوان پێکەوە گرێدراوە.

بۆ ئەوەی هەڤاڵبەندی چینایەتی بێتە گۆڕێ، دەبێ ناسیۆنالیستە فارسەکان، بە تایبەت نوخبەی فارس و چینی نێوەڕاست، دان بە مەسەلەی فرەنەتەوەبوونی ئێراندا بنێن و ئامادە بن لانیکەم بە جیددی داخوازی نەتەوە زوڵملێکراوەکان تاوتوێ بکەن. مەسەلەی فرەنەتەوەبوونی ئێران هەروەها پەیوەندی بە ئازادی و دێموکراسییەوە هەیە؛ بە بێ دانپێدانان بە مافی نەتەوە زوڵملێکراوەکان، ئێران ناتوانێ دێموکراتیزە ببێ.

هۆیەکی دیکەی ئەوەیکە ئەو هەڤاڵبەندییە پێویستە، ئەوەیە کە ڕێژیمی ئیسلامی دامەزراوەی تایبەتی هەیە بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی. بەپێچەوانەی ڕێژیمی شا، ئامادەیە زەبروزەنگی زۆرتر بەکار ببا بۆ سەرکوتکردنی جەماوەری ناڕازی. بەپێچەوانەی ئەوکات، ئێستا بەس نییە کە بەربەرەکانێی جەماوەری تەنیا لە ناوەند ڕوو بدا بۆ ئەوەی کۆتایی بە کۆماری ئیسلامی بهێندرێت. راستییەکەی، ڕێژیم تەنانەت لە دەرەوەی ئێران، بۆ نموونە لە سورییە، هێزی بەکار بردووە بۆ ڕێگرتن لە سەرکەوتنی شۆڕش. بە کورتی، بە هۆی سروشت و پێکهاتەی ڕێژیمی ئیسلامی، بارودۆخی ئێستا جیاوازە لەگەڵ بارودۆخی پێش ١٩٧٩.

گۆڕان لەو سێ پارامێترەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا، چینی نێوەڕاستی جووڵاندووە. ئەویش نیگەرانە تووشی هەژاری ببێ، بەڵام هێشتا هاوپەیمانی لەگەڵ چینی هەژار و نەتەوە زوڵملێکراوەکان ناکا. ئەوەی لە ئێران لە ئارادایە، لەوپەڕی خۆیدا خەباتی هاوتەریبە، نەک خەباتی هاوبەش دژ بە ڕێژیم. ئایا ئەو دوو شێوە لە هەڤاڵبەندی دێتە گۆڕێ یان خێر، لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە.

ئەگەر هەڤاڵبەندی نێوان نەتەوەی فارس و نەتەوەکانی دیکە نەیەتە کایەوە، هەڤاڵبەندی نێوان نەتەوە زوڵملێکراوەکان و بەهێزکردنی ئەو هەڤاڵبەندییە، پێویستییەکی مێژووییە. لە لایەکی دیکەوە، پەرەپێدان و بەرینکردنەوەی ڕاسان و هەروەها گونجاندنی ڕاسان لەگەڵ ئەو بارودۆخە دینامیکەی ئێران، وەک پێویستییەکی ستراتێژیک دێتە بەرچاو.