کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمیناری شەهیدانی بەکۆمەڵی ساڵی ٦٧ لە هولەند بەڕێوە چوو

11:18 - 2 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: سێمینارێک لەژێر ناوی شەهیدانی بەکۆمەڵی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە وڵاتی هولەند بەڕێوە چوو. لەم سێمینارەدا حیزبە ئێرانییەکان و هەروەها ئێرانییانی دانیشتووی هولەند، لە شاری سووست بەشدار بوون.

ئەم سێمینارە کە ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، لە لایەن کانوونی زیندانییانی سیاسیی ئێرانەوە ڕێک خرابوو، بە خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی و بەتایبەتی شەهیدانی بەکۆمەڵی ساڵی ١٣٦٧ کە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەندیخانەکاندا و بەبێ دادگاییکردن لە سێدارە دران، دەستی پێ کرد.

لەم سێمینارەدا، بەڕێز سادق زەڕزا، وەک نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکەم کەس وتارێکی پیشکەش کرد.

ناوبراو وێڕای پێناسەکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کە چۆن بناغەی لەسەر تێرۆر و ترساندن و سێدارە دامەزراندبوو، هۆکاری کوشتارەکانی ساڵی ١٣٦٧ و بەتایبەت ڕق و قینی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانی دەرحەق بە گەلی کورد  و حوکمی جیهاد بۆ سەر کوردستانی بۆ بەشداربووان شی کردەوە .

سادق زەڕزا لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە گەلی کورد و بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکەم ڕۆژەوە خەباتی خۆی بەدژی ئەم ڕێژیمە دەست پێ کردووە، کە هەتا ئێستاش ئەم خەباتە هەروا درێژەی هەیە و تا سەرکەوتنی یەکجاری کە نەمانی ئەم ڕێژیمەیە هەروا درێژەی دەبێت.

هەر یەک لە نوێنەرانی حیزبەکانی بەشداربوو لەم سێمینارەدا، ڕوانگەی خۆیان سەبارەت بەم کارەساتە باس کرد و وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوەیە، جارێکی دیکە سەرەخۆشییان لە بنەماڵەی قوربانییان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران کرد.

سێمینارەکە پاش چوار کاتژمێر کۆتایی پێ هات.