کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ ٥٠مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی شەهید ئیسماعیل شەریف زاده بەڕێوەچوو

22:32 - 13 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٥٠مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی شەهید ئیسماعیل شەریف زاده، سێمینارێکی بەڕێوە برد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٥٠مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی شەهید ئیسماعیل شەریف زاده، بە بەشداری ئەندامانی ڕێبەری، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەی شەهیدان و میوانان سێمینارێکی بەڕێوە برد.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن کاروان شەرەفی سکرتێری یەکیەتی خوێندکارانەوە پێشکەش کرا.

پاشان سێ کۆڕگێڕ کە بریتی بوون لە تەیموور مستەفایی ئەندامی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکرات، کاوە ئاهەنگەری چالاکی سیاسی و زانیار بەهاری ئەندامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر کامەیان لە پانێلێکی جیاوازدا لەبارەی خەباتی شەهید ئیسماعیل شەریف زاده و خەباتی خوێندکاری کورد بابەتەکانیان پێشکەش کرد.

دواتر سۆران باریکە ڕاوێژکاری لێژنەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران، لەبارەی ناساندنی خەڵاتی شەهید ئیسماعیل شەریف زاده، پەیامی خۆی پێشکەش کرد.

باریکە لەبارەی ناساندنی خەڵاتی شەهید ئیسماعیل شەریف زاده باسی لەوە کرد کە یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە شەریفزادە بە هێما و ئیلهامدەری خەبات و شوناسخوازیی خوێندكارانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەزانێت، لە كۆبوونەوەیەكی لێژنەی بەڕێوەبەریی خۆیدا بڕیاری دا ساڵانە بە پێشكەشكردنی خەڵاتێك بە ناوی خەڵاتی شەریفزادە، ڕێز لەو كەسانە بگرێت كە لە بوارە جۆراجۆرەكانی خەبات و تێكۆشانی هزری، سیاسی، فەرهەنگی، كۆمەڵایەتی و زانستیدا خزمەتێكی بەرچاو بە سەركەوتنی ئەو ڕێگا و ڕێبازە پیرۆزە دەكەن كە تێكۆشەرانی وەك ئیسماعیلی شەریفزادە گیانی پاكی خۆیان لە پێناوی بەدیهێنانیدا بەخت كردووە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سێمینارەدا، خەڵاتی شەریف زاده و لەوحی ڕێزلێنان بە سێ شەهیدی پێشمەرگەی خوێندکار لە لایەن بەڕێزحەسەن شەرەفی بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بە بنەماڵە و هاوسەنگەرەکانیان کرا کە بریتی بوون لە شەهید ڕەسووڵ محەممەد زادە، شەهید سەلاح نادری و شەهید هێمن مەولان نژاد.

هەروەها ئەم خەڵاتە وەک ڕێزلێنانێک بۆ شەهیدانی ڕاسان پێشکەش بە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی ئەم شەهیدانە کرا کە لە قۆناغی خەباتی نوێی حیزبدا گیانیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە.