کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی دانمارک بەڕێوه چوو

12:25 - 29 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٧٣هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێک بەڕێوە چوو.

 ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری هۆرسێنسی دانمارک سێمینارێك بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٣مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کۆمیتەی حیزب له ناوچەی "میت یوولاند" و  بە هاوکاریی یەکیەتیی لاوان پێکهات.

سەرەتای سێمینارەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

پاشان لە لایەن "سولەیمان کەڵەشی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە دانمارک باسێكی کورت سەبارەت بە دامەزارنی حیزب و قۆناغەکانی مێژووی خەباتی حیزب پێشکەش کرا.

بەشی دووهەمی سێمینارەکە بۆ کۆڕگێڕی سێمینار، تێکۆشەری دێرینی نێو ڕیزەکانی حیزب "مەحموود دەشتی" تەرخان کرابوو.

دەشتی باسێکی لە سەرهەڵدانەکانی کورد لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو و هۆکاری داڕمان و  نەمانی بزاڤەکان دوای شەهیدکرانی ڕێبەری ئەو شۆڕشانە کرد. هەروەها ئاماژەی بە سیاسەتی حکوومەتی پەهلەوی لە ئاسمیلەکردن و تەفروتووناکردنی نەتەوەکانی نێو جۆغرافیای ئێران و بە فارس کردنی زۆرەملێی گەلان لە ژێر درووشمی "یەك نەتەوە، یەك زمان"  دا.

ناوبراو لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە دامەزرانی کۆمەڵەی ژ.کاف کرد کە قۆناغێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورددا، بەڵام ژ.کاف لەو کاتەدا وڵامدەری خواستەکانی نەتەوەی کورد نەبوو، بۆیە بیر لە دامەزرانی ڕێکخراوێکی مۆدێڕنی کوردی کرا کە ئەویش حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.

لە درێژەی باسەکەیدا باسی قۆناغی نوێی خەباتی چەکداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە: حیزبی دێموکرات حیزبی بە چۆكدا هاتن نییە و نابێ، برینی گەورە هەڵدەگرین بەڵام ناچەمێین، هەوراز و نشێوی زۆرمان بڕیوە و ئاسۆی ڕوون و  ئازادیی نەتەوەیەک ئامانجمانە.

لەو سێمینارەدا سروودی ڕێبازی دیموکرات و پارچە شیعرێك لە لایەن دانا ئەلیاسییەوە پێشكەش کرا.

پێویست بە ئاماژەیە کە ئەم لایەنانە  برووسکەی پیرۆزباییان ناردبوو کە بریتین لە:

ـ یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریه

ـ کۆمەڵەی کوردی لە شاری هۆرسێنس

ـ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ـ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران