کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک سەبارەت بە تێرۆری میکۆنۆس و پێگەی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" بەڕێوەچوو

13:43 - 30 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی، سێمینارێکی لە کەمپی جێژنیکان ڕێک خست.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٩ی خەرمانان، سێمیناریک لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە تێرۆری میکۆنۆس و پێگەی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" بۆ "حەسەن شەرەفی"، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، ڕێک خرا.

سێمینارەکە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزب لە هەولێر و جێژنیکان بەڕێوەچوو.

 سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "حەسەن شەرەفی"، لە وتەیەکدا بە بۆنەی یادی ٢٧ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی، تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی ژیانی زانستی و سیاسیی ئەو ڕێبەرە لێوەشاوەیە و وتی: "دوکتور سادق، وەک ڕێبەر و یاری بەوەفای دوکتور قاسملوو، لە ڕەوتی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت لە پێکهاتەی حیزبی دێموکراتدا، دەور و کاریگەرییەکی ئێجگار گرینگی هەبوو و توانی وەک قوتابییەکی بەئەمەگ و کەسایەتیی بەمشوور و بە وریایی خۆی، نەهێڵێت بێ قاسملوویی بە جەستەی حیزبەوە دیار بێت و ئەو خەونەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ نەمانی حیزبی داڕشتبوو، بە پێگە و دەوری خۆی بکاتە بڵقی سەر ئاو".

جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "هەرچەند شەهیدبوونی دوکتور سادقی زانا، خەسارێکی گەورە و برینێکی قووڵ بوو بۆ جەستەی حیزبی دێموکرات بەتایبەتی و بزووتنەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بەگشتی، بەڵام ئەو وانە و دەرسانەی کە ڕێبەری گەورەمان دوکتور قاسملوو و دوکتور سەعید لەنێو حیزبدا بۆیان کردین بە کولتوور و بناغەی ڕێبەریی بەکۆمەڵ و بەڕێوەبەریی جەمعییان داڕشت، کارێکیان کردووە، سەرەڕای دەیان پیلانی دوژمنان و ناحەزان، هێشتا حیزبی دێموکرات وەک جاران پێگەی خۆی پاراستووە و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و جێگەی هیوای ئازادیخوازانە، کە ئەمەش لە باوڕمەندیی ئەو حیزبە و سیاسەتە سەرەکییەکانی و قارەمانێتیی پێشمەرگەوە سەرچاوە دەگرێت".

دواتر "شەرەفی"، تیشکی خستە سەر خەسڵەت و تایبەتمەندییە بەرزەکانی دوکتور سەعید و بە هێمای خۆڕاگری، ورەبەرزی و سیمبولی ڕەوشت و پرەنسیپ ناودێری کرد و وتی: "باوەڕێکی قووڵی بە خەباتی یەکگرتووانە و هاوکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردی و ئێرانییەکان هەبوو، ئەو کاریگەری و شوێندارییەی دوکتور "سادق"، لە ئاستی بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا، وایان کرد کە دوژمنی گەلەکەمان، واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بیر لە داڕشتنی تێرۆرکردن و سڕینەوەی فیزیکی بکاتەوە، چونکە ئەقڵی سیستمی سیاسیی ئێران پێیان وابوو، بە لێدان لە سەری حیزبی دێموکرات،  جەستە و پەیکەریشی دەکەوێت و نامێنێت، بەڵام غافڵ لەوەی ئەو جەستەیە، بە بیر و ئەندێشەیەک ئاو دراوە و خاراوە، هەرچەندیش زام هەڵبگرێت، بەڵام قەت بە چۆکدا نایەت و کۆڵ نادات".

بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزب لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ئاماژەی بە تێرۆری میکۆنۆس و کاریگەرییەکانی کرد و ڕایگەیاند: "هەرچەند کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕەوتی دادگای فیدراڵی ئاڵمانی دا و ویستی وەک تێرۆرەکانی دیکە، خۆی دەرباز بکات، بەڵام بە بێلایەنیی دادگا و پێداگریی حیزبی دێموکرات، دادوەر و پۆلیس، توانییان بڕیاری کۆتایی بدەن کە تاوانباریی سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕیسوایی ئەو ڕێژیمەی لە ئاستی نێوخۆ و دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیدا لێکەوتەوە".

ناوبراو لە بەشێکی‌ دیکەدا، تیشکی خستە سەر پێگەی خەباتی حیزبی دێموکرات لە قۆناغی جیاجیا و پێداگریی لەسەر درێژەدان بە قۆناغی ڕاسانی ڕۆژهەڵات کردەوە و وتی: "جەختی لەسەر دەکەمەوە کە ڕاسان بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە بەردەوام دەبێت و بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵک و قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب، هەنگاوەکانمان لەم قۆناغە هەستیارەدا جیددیتر و قایمتر دەکەینەوە و لە خەبات بەردەوامین".

"حەسەن شەرەفی" لە کۆتاییدا، ئاماژەی بە هەلومەرجی ئێستا و دۆخی سیاسەتی شپرزەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ و ناوچە و جیهان کرد و ڕایگەیاند: "ئەو ڕێژیمە ئێستا لە گشت کاتێک زیاتر پەراوێز کەوتووە و کردەوە و زێدەخوازییەکانی لە ناوچەکە، هێندەی دیکە تەریکی خستووەتەوە و دۆخی شپرزەی ئابووری و دوورکەوتنەوەی دۆست و هاوپەیمانەکانی، پێگەیان لەنگتر کردووە و لە بەرانبەردا، دۆخی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک حیزبێکی ئازادیخواز، بەمشوور و بەرپرسیار، لە باشیدایە و هیوامانە بە هێزی خۆمان کە خەڵکە و باوەڕمان بە ئازایەتیی پێشمەرگە و ئەندامانی دڵسۆزی بزووتنەوەکەمانە".