کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

12:03 - 12 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سێمینارێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ بۆ سەرۆکی تایبەتی چاوەدێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سالۆنی سەرەکیی حیزبی "هوێیرە"، لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی جۆزەردانی ٩٧، سێمینارێک لە پێوەندی لەگەڵ مافی مرۆڤ، بە کۆڕگێڕیی سەرۆکی تایبەتی چاوەدێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئوسلۆی پێتەختی نورویژ پێک هات.

لەو سێمینارەدا، "هێڵل نێیور"، سەبارەت بە کێشەکانی نێو نەتەوە یەکگرتووەکان و شێوەی دەنگدان بە بڕیارنامەکان و هەڵسەنگاندنی پێشێلکارییەکانی وڵاتە تۆتالیترەکان و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ قسەی کرد و هەروەها باسی لە کۆمەڵێک بابەت وەکوو: پرۆسەی دەنگدانەکان و هێنانە بەرباسی مافەکانی مرۆڤ و هاتنە کایەی هەندێک سیستمی نوێ لە پڕۆگرامەکانی ناوەندەکەی خۆیاندا کرد، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خەڵکی وڵاتەکان بزانن، کە نوێنەرەکانیان لە پێوەندی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا دەنگیان بە کام بڕیار داوە.

 دواتر، هێڵل نێیور، لە وڵامی پرسیارەکانی مەنسوور عەزیزی، لە بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە نۆروێژ، سەبارەت به پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور، کوشتنی منداڵان و ژنانی کورد هەر لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە وتی: کە بە زوویی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی گشتییاندا لە دژی ئێران بڕیارنامەیەک دەر دەکرێ و لەو بڕیارنامەیەدا باسی پێشێلکرانی مافی کوردەکان، عەرەبەکان و نەتەوەکانی دیکە دەکرێت، کە ڕێژیمی ئێران سەرکوتیان دەکات و دان بە مافەکانیاندا نانێت.

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە لەو پێوەندییەدا هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن، بۆ ئەوەی بە گوێرەی پێویست ئاوڕ لە داواکاریی کوردەکان بدەنەوە.