کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەژێر ناوی "کورد قوربانیی تێرۆریزم" بەڕێوە چوو

10:52 - 25 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیان و ئێرانیانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند، سێمیناری "کورد قوربانیی تێرۆریزم" لە شاری هێلسینکی بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، سێمینارێک لەژێر ناوی "کورد قوربانی تێرۆریزم "بە بۆنەی ٢٦مین ساڵڤەگەڕی تێرۆری دوکتور سەعید و هاوڕێیانی و هەروەها بۆ یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ لە شاری هێلسینکی بەڕێوە چوو.

 ئەم سێمینارە کە لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ڕێکخرابوو سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن له شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لەو سێمینارەدا پەیامی ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە فینلاند، لە لایەن "خەلیل عەلیزادە" پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی لێژنه‌ی ڕێکخراوی فینلاندی پارتی دێموکراتی کوردستان لە لایەن حاکم عوسمان پێشكەش کرا.

 لە بەشێکی دیکەی پەیامەکاندا ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکان بە زمانی فارسی لە لایەن "سادق عەسکەری"ـەوە پێشکەش کرا.

  دوای پێشکەش کردنی پارچە شێعرێک لە لایەن "عەبدوڵڵا حاجی"؛ چەند پارچە سروودی شۆڕشگێڕی لە لایەن هونەرمەندی کورد "ڕەشید فەیزی نژادی"ـەوە خوێندرایەوە.

 لە بەشی دووەمی سێمینارەکەدا "مەجید حەقی" وتارێکی لەژێر سەردێری " ستراتێژی تێرۆریزم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران"، تێرۆری میکۆنۆس و شوێندانەری لەسەر پێوەندیەکانی ناونەتەوەیی بۆ پرسی کورد" پێشکەش کرد.

 پاشان دوکتور "جەواد دانشپەژوو" وێڕای ناساندنی کتێبی "کوشتاری بی پایان" ئامارەکانی تێرۆر و ئێعدامەکانی ڕێژێمی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشانی بەشداران دا.

 لە بەشێکی دیکەدا جەعفەر "مستەفا سوڵتانی"، وتارێکی لەژێر سەردێری "تۆڕەکانی تێرۆری ڕێژێم لە ناو حیزبەکاندا" پێشكەشی بەشداران کرد.

 لە کۆتاییدا کۆڕگێران لە پانێلێکدا وەڵامی پرسیار و سەرنجەکانی بەشدارانیان دایەوە.