کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەژێر ناوی "کوردستانی ئێران، دوای مانگرتنی ٢١ی خەرمانان" بەڕێوە چوو

11:57 - 19 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی لەژێر ناوی  "کوردستانی ئێران، دوای مانگرتنی ۲۱ی خەرمانانـ"ـی بەڕێوە برد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەر کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ، لە دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی سەبارەت بە ئەزموونەکانی کاری هاوبەشی هێزە سیاسییەکان و بەتایبەت، بانگەوازی هاوبەش بۆ مانگرتنی ۲۱ی خەرمانان بە بەشدارایی نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری و میوانان بەڕێوە چوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و پاشان بەڕێوبەری سێمینارەکە "فواد خاکی‌بەیگی" بەرنامەی کاریی سێمینارەکەی ڕاگەیاند.

پانێلی یەکەمی سێمینارەکە بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە لایەن  "کاکۆ عەلیار" لەژێر ناونیشانی "ئەرکی هێزە سیاسییەکان بەرانبەر کۆمەڵگای مەدەنیی ڕۆژهەڵات" پێشکەش کرد و تێدا قۆناغەکانی خەباتی مەدەنی لە ئاستی جیهانی و دواتر پەرەگرتنی لە ئێران و کوردستان بە وردی باس کرد و گرینگیی ئەرکی هێزی سیاسی بەرانبەر بە کۆمەڵگا و کۆمەڵگا بەرانبەر بە هێزە سیاسییەکان خستەڕوو.

دواتر  "سۆران نووری"، بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان تیشکی خستەسەر چۆنیەتی مانگرتنەکەی پاش مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات و ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسی لە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، مانگرتنەکەی شرۆڤەکرد و باسی لەوە کرد، کە حەرەکەتێکی ئاوا جەماوەریی ئەگەرچی بەبێ کەموکۆڕی نییە، بەڵام یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان و وڵامی ئەرێنیی کۆمەلگا، لەم هەلومەرجە هەستیارەدا بێوێنە بوو.

لە پانێلی سێهەمدا  "محەممەد حەکیمی" بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، دەوری ڕاگەیاندنی لە بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی مانگرتنەکەی بە وردی باس کرد و پێویستی کۆمیتەیەکی ڕاگەیاندنی هێزە سیاسییەکان، لە داڕشتنی بەرنامە و پلانی یەکگرتوو لە بواری میدیا پێویستییەکی زەرووری زانی.

 "فواد جەعفەری" بە نوێنەرایەتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، لەژێر ناونیشانی "دەوری پشتیوانیی هێزە سەرانسەرییەکانی (سازمانی موجاهیدنی خەلق وەک نموونە) لە مانگرتنی کوردستان" باس کرد و ڕایگەیاند، لەو هەلوومەرجانەدا پشتیوانیی هێزە سەرانسەرییەکان لە داخوازە ڕەواکانی نەتەوەکەمان دەبێ لە کوردستانەوە بە ئەرێنی سەیر بکرێت.

لە کۆتا پانێلی سمینارەکەدا، "تاهیر مەحموودی" بە نوێنەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران "گرینگیی هاوئاهەنگی خەباتی شار و شاخی" باس کرد و ڕایگەیاند لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە شار لە هەموو ڕەهەندەکانەوە دەبێت چەقی خەبات بێت و پێشمەرگە و شاخیش پشتیوان بن، هەر دوو لا هاوئەهەنگ و هاودەنگ لە ڕاستای وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەکەمان هەنگاو هەڵ بگرن.

سێمینارەکە بە وڵامدانەوەی پێشنیار و ڕەخنەی بەشداران لە لایەن کۆڕگێڕانەوە و کۆبەندی ڕاسپاردەکان بۆ بڕیاردان لە کۆبوونەوەی داهاتووی ناوەند، کۆتایی پێ هات.