کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنای کانادا بڕیارێک دژی سپای تێرۆریستیی پاسداران دەر دەکات

11:05 - 19 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: سێنای وڵاتی کانادا گەڵاڵەیەکی ئامادە کردووە، کە سەرجەم ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بخاتە لیستی تێرۆرەوە.

سێناتۆر "لیندا فرۆم"، ئەندامی سێنای کانادا، گەڵاڵەیەکی ڕادەستی سێنای ئەو وڵاتە کردووە، لەو گەڵاڵەیەدا ڕێژیمی ئێرانی بە ڕێژیمێکی مەترسیدار وەسف کردووە و داوای کردووە، سەرجەم ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بخرێتە لیستی تێرۆرەوە.

لەو گەڵاڵەیەدا، ڕێژیمی ئێران بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پشتیوانیی لە تێرۆریزم دەبێ بە زووترین کات بخرێتە لیستەی تێرۆرەوە.

مەجلیسی دەوڵەتی کانادا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە گەڵاڵەیەکدا پەسەندی کرد، کە سەرجەم دانوستانەکانی خۆی بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی چالاکییە دیپلۆماتیکەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرێت.

بەپێی ئەو پەسەندکراوەی مەجلیسی کانادا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خراوەتە لیستەی تێرۆرەوە.

ئەو گەڵاڵەیە لە لایەن "گارنت گینویس"، نوێنەری کۆنسێرڤاتیڤی مەجلیسی کانادا پێشنیار کرا و بە زۆرینەی دەنگ و لە لایەن "جاستین ترۆدۆ" سەرۆکوەزیرانی کاناداوە پەسەند کراوە.

پێوەندییەکانی نێوان کانادا و ڕێژیمی ئێران  ساڵی ٩١ی هەتاوی، بە هۆی چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران پچڕا.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئامریکا لە هەوڵدا بووە، کە سپای تێرۆریستیی پاسداران بخاتە لیستەی تێرۆرەوە و هەوڵەکانی خۆشی لەو بارەوە چڕ کردووەتەوە.

کۆنگرەی ئامریکا ساڵی ڕابردوو لە گەڵاڵەیەکدا سەرکۆماری ئەو وڵاتەی ئەرکدار کرد، کە سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستەی تێرۆر بخات. 

بەپێی ئەو گەڵاڵەیە و بەپێی فەرمانی ئیجرایی ١٣٢٢٤، پەسەندکراوی ساڵی ٢٠٠١ی زایینی، سەرکۆماری ئەو وڵاتە ئەرکدار دەبێت، کەناوی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندا تۆمار بکات.