کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٠ سێندیکای کرێکاری لە جیهاندا، داواکاری ئازادیی چالاکانی کرێکارین

11:57 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ٨٠ سێندیکای کرێکاری لە جیهان، لە نامەیەکدا، داوایان لە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران کردووە کە چالاکانی کرێکاری و سێنفی، ڕۆژنامەوانانی بەندکراو و هەروەها دەسەبەسەرکراوانی کارخانەی "نەیشەکەری هەفت تەپە" ئازاد بکرێن.

بەپێی ڕاپۆرتی سێندیکای کرێکارانی شیرکەتی "ئوتوبووسڕانیی تاران"، ئەم سێندیکایانە، دەسبەسەرکردن و ئازار و ئەزیەتی دەسبەسەرکراوانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ئێراندا مەحکووم کرد.

ئەم ٨٠ سێندیکا کرێکارییە، هەروەها داوایان لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە کە ڕێز بۆ پەیمانە نێونەتەوەییەکان وەکوو: "مافی دانانی دامەزراوەی سەربەخۆ، پێکهێنانی کۆبوونەوە، مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین و..." دابنێت، کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە واژۆ کراوە.

هەرلەم پەیوەندییەدا، پێشتریش چاوەدێری مافی مرۆف لە بیانییەیەکدا داوای کردبوو کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، "چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان"، کە لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ئێراندا دەسبەسەر کرابوون، بەبێ هیچ مەرجێک و بە زووترین کات ئازاد بکات.

ڕێژیمی فاشیست و دیکتاتۆری ئێران، کە باوەڕی بە مافی هیچ چینێک لە کۆمەڵگادا نییە، لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ئێراندا، دەیان کەسیان کە بە شێوەی ئاشتیخوازانه داوای مافەکانیان دەکرد، دەسبەسەر کرد.