کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێوکی وەرزێڕانی کوردستان نافرۆشرێت

12:06 - 16 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ٥٠ هەزار تۆن سێوکی وەرزێڕانی پارێزگای سنه کە بەرهەمی سێوککارانی پارێزگای سنەیه، نافرۆشرێت و لەسەر دەستیان ماوەتەوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی پارێزگای سنه باسی لەوە کردووە، ٤٠ هەتا ٥٠ هەزار تۆن سێوکی وەزێڕانی ئەو پارێزگایە لە ئەنبارەکاندا ماوەتەوە و نافرۆشرێت. هاوکات نرخی سێوکیش لە بازاڕدا لەژێر نرخی دیاریکراو دایە کە فرۆشتنی دەبێتە هۆی زیانی وەرزێڕان.

لەو بارەیەوە یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی سێوک لەو پارێزگایە باسی لەوە کردووە، ئێستا ٢٠٠ هەزار تۆن سێوکی وەرزێڕانی دێوڵانی بە نەفرۆشراوی لەسەر دەستیان ماوەتەوە و هیچ کەس و لایەنێکیش بەرپرسیار نییە.

هاوکات سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی پارێزگای سنه بە وەرزێڕانی گوتووە، هەتا کاتێک کە نرخی بازاڕ گونجاو دەبێت بەرهەمەکانیان لە ئەنباردا ڕابگرن.

مانگی ڕەزبەری ئەمساڵێش وەرزێڕانی ئەو پارێزگایە  بە هۆی وەرنەگرتنی پارەی گەنم ناڕەزایەتییان دەربڕی.

وەرزێڕان باسیان لەوە کردبووە کە هەتا ئێستاش نزیک بە ٣٠ لەسەدی پارەی گەنمیان وەرنەگرتووە و بۆ وەرگرتنی پارەی بەرهەمەکانیان هیچ وڵامێکیشیان پێ نادرێتەوە.

نەدانی پارە بە وەزێڕانی کوردستانی و نەکڕینی بەرهەمەکانیان لە کاتێکدایە کە  پارێزگای سنە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە کۆبوونەوەیەکەدا جەختی کردەوە کە بەڕێوەربەانی بانکەکان و سەرجەم بەشەکانی کە بە جۆرێک لەگەڵ وەرزێڕی پێوەندییان هەیە ئەرکدار کراون بە زووترین کات گەنمی جوتیاران بکڕن و پارەکانیشیان پێ بدەرێت.

وەرزێڕانی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی ناکرێن و بگره زۆرجار وەرزێڕان بۆ ئەوەی کە پارەی بەرهەمەکانیان پێ بدرێت، دەست دەدەنە مانگرتن.