کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدەقەی کۆمیتەی ئیمداد بەڵاگێڕەوە نییە بەڵاهێنەرە

12:41 - 16 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دامەزراوەی کۆمیتەی ئیمدادی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەدەقە و خێری خەڵک بۆ بێگانەکان خەرج دەکات.

لە دوای ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، یارمەتیی ماڵی و خۆراکیان بۆ خەڵکی فلستین ناردووە و خەڵکی ئێرانیش لەبەر هەژاری و نەداری پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن، خەڵک لە هەڵمەتێکدا کەمپەینی نا بۆ کۆمیتەی ئیمدادیان ڕێک خست.

خەڵک لەو کەمپەینەدا، سەندووقەکانی یارمەتی کۆکردنەوەی کۆمیتەی ئیمدادیان فڕێ دایە ناو سەتڵی زبڵ و داوایان لە خەڵکیش کرد، کە یارمەتییە ماڵییەکانیان نەخەنە سەندووقی کۆمیتەی ئیمدادەوە، چونکە بۆ خەڵکی بیانی خەرج دەکرێت نەک بۆ خەڵکی نێوخۆی ئێران.

ڕێژیمی ئێران بە پارەی کۆمیتەی ئیمداد چەندین ژەمە خواردەمەنی بۆ خەڵکی فلستین ئامادە کردووە و هەزاران فلستینی بە پارەی خەڵکی ئێرانەوە خواردەمەنیی گران دەخۆن.

ئەو کارەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، تووڕەیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە و خەڵک داوایان کردووە، لە جیاتی ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیران لە خەمی خەڵکی فلستیندان لە خەمی خەڵکی ئێراندا بن کە بۆ بژیوی ژیان خۆیان دەکوژن.

پارە کۆکردنەوە و دابینکردنی نان و ئاو بۆ خەڵکی فلستین و باقی وڵاتانی دیکە لە کاتێکدایە، کە خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەوپەڕی بێ ئیمکاناتیدا دەژین و نەخۆشیی پێستی و عفوونی داوێنی ئەو خەڵکەی گرتووە.

خەڵک لە دژکردەوە بەو کارەی ڕێژیمی ئیران باسیان لەوە کردووە، خەرجکردنی میلیاردها تمەن پارەی خەڵکی ئێران لە غەززە ئەویش لە کاتێکدا کە بوومەلەرزەلێدروانی کوردستان بێماڵ و حاڵن، جیا لە ناتێگەیشتوویی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران هیچ مانایەکی دیکەی نییه.