کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی نوێنەرایەتی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە کۆنگرەی ئامریکا

15:20 - 15 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی نوێنەرایەتی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، سەردانی کۆنگرەی ئامریکایان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێک پێکهاتوو لە نوێنەرایەتی حیزب و لایەنی نەتەوە بندەستەکانی ئێران سەردانی کۆنگرەی ئامریکایان کرد و لەگەڵ ئەندام کۆنگرە ستیڤ کینگز کۆ بوونەوە.

ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی چەند حیزبی بەلووچ و عەرەب و تورکی ئێران سەردانی دەفتەری ئەندام کونگرە ستیڤ کینگزیان کرد و لەگەڵی کۆ بوونەوە.

لە دەسپێکی ئەو دیدارەدا کونگرێسمان ستیڤ کینگز، وێڕای بەخێر هاتنی ئەو شاندە وتی: کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا خواستی مافی چارەی خۆنووسین بەرز بووەتەوە.

هەروەها ناوبراو وێڕای ئاماژە بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان وتی: کە ئێمە بە تەواوەتی پشتیوانی ئەو هەوڵە و هەوڵی لەو چەشنە لە پێناو پەرەی راستەقینەی دێموکراسی لە ناوچە دەکەین.

پاشان هەر کام لە ناسر بولەدەیی، کەریم عەبدیان و ئارش ساڵح باسیان لەسەر ئێران و نەتەوە بندەستەکانی ئێرانیان کرد. گرینگرین تەوەر کە لەو چاوپێکەوتنەدا لە لایەن هەموو بەشداربووان باسی لێوە کرا بریتی بوو: لە پێویستی گۆڕینی ڕێژێمی ئێران وەکوو یەکەمین هەنگاو بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا.

ئارش ساڵح وێڕای ئاماژە بە پوتانسیلە جیاوازەکانی کوردستانی ئێران باسی لەوە کرد، کە لە دوو مانگی ڕابردوودا بە دوو هۆکاری جیاواز لە کوردستانی ئێران خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقام کە یەکێکیان بە هۆکاری شەرمەزار کردنی کوشتنی کۆڵبەران و یەکێکیشیان بۆ پشتیوانی لە باشووری کوردستان بووە.

نوێنەری حدکا لە ئامریکا وتی: ئەگەر ئێمە لێرە شتێک لە کوردستانی ئێرانەوە نابیستین بەو مانایە نییە کە کوردستانی ئێران بێدەنگە بەڵکوو کوردستانی ئێران وەکوو گڕکانێکە کە هەرکات ئەگەری ئەوەی هەیە بتەقەتێتەوە.

نوێنەری حدکا لە ئامریکا لە درێژەدا وتی: کە خەڵکی ئێران بەتایبەت نەتەوە بندەستەکان ئامادەن و خواستی ئەوەیان هەیە، کە بە مەبەستی گۆڕینی ئەو ڕێژیمە هەنگاو هەڵبێنن و لەو پێناوەشدا تێچووی زۆریان داوە، بەڵام ئەوەی لە ئەستۆی دنیای ئازاد و بەتایبەت وەلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە بەتوانا کردن و پشتیوانی جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکانی ناو ئێران بەتایبەت نەتەوە بندەستەکانە.