کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لە کۆمیتەی پێوەندیەکانی دەرەوەی سێنا

18:16 - 4 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا سەردانی کۆمیتەی پێوەندیەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد و لە لایەن هەیئەتێک بە سەرپەرشتی ئێریک ترەیگێر پێشوازی لێ کرا.

"ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو چاوپێکەوتنەدا سەرەتا وێڕای سپاسی پێشوازی گەرمیی کۆمیتەی پێوەندیەکانی دەرەوەی سێنا سەرنجی ئامادەبووانی بۆ مووشەکبارانەکەی بارەگای سەرەکیی حیزبی دێموکرات و کەمپی پەنابەرانی ئەو بارەگایە ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە ئێرانییەکان هەر لەسەرەتاوە نەیانشاردەوە کە ئەو مووشەکبارانە پێش لەهەرشتێک پەیامێک بووە بۆ ئێوە و هیوادارم واشینگتۆن ئەو پەیامەی وەرگرتبێ.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لەو چاوپێکەوتنەدا باسی لەوە کرد کە ئێرانییەکان دەیانهەوێ بە هێرش بۆ سەر حیزبی دێموکرات هەنگاوێکیتر بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی خۆیان لە ناوچە بهاوێن؛ بۆیە ئەوە زۆر گرینگە وەڵامی شیاو بەو کردەوە بدرێتەوە.

 ئارش ساڵح پاشان ووتی؛ ئەم وڵامە لە دوو ڕوانگەوە گرینگییەکی سەرەکی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە ناوچەدا هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە خەڵکی ئێران پێویستە بزانن کە ئامریکا لەگەڵ هێزە دێموکراتیکەکانە و لەگەڵ ئەوان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بە قسەکانی بەرپرسانی ئامریکایی متمانە بکەن کاتێک کە دەڵێن ئەوان بە دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێراندا گرینگی دەدەن.

دووهەمین هۆکاری گرینگیی وەڵامی توند بەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێران ئەوەیە کە وەڵام نەدانەوە بۆ ئەو مووشەکبارانە زەبرێکی کوشندە دەدات لە ستراتیژی ئامریکا لە ناوچەکە کە بریتییە لە سنووردارکردنی سیاسەتەکانی ڕێژێمی ئێران لەو ناوچەیەدا.

ئارش ساڵح لەو چاوپێکەوتنەدا باسی لەوە کرد، ئەگەر ئامریکا بە تووندی لەبەر ئەو بابەتە ڕانەوستێتەوە ئەوا شێلگێری ئەو وڵاتە بۆ بەرنگاربوونەی ڕێژێمی ئێران لە ناوچەکە دەچێتە ژێر پرسیار و ئێران زیاتر هان دەدات بۆ پەرە پیدانی کارە خراپەکانی لە ناوچەکەدا.

هەروەها نوێنەری حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا وێڕای ئاماژە بە هەڵوێستی جێگری سەرکۆمار و وەزارەتی دەروە ووتی کە قسەکانی "نیکی هیڵی" نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ناویاندا ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان هێنایە گۆڕێ بەرز دەنرخێنین و پێمان وایه کە ئەم جۆرە هەڵوێستانە پێویستە زیاتر بن.

هەروەها ئارش ساڵح داوای کرد کە سێانتۆرەکان ئەم باسە لە ناو دانیشتنە پێوەندیدارەکانی کۆنگرەدا بە شیوەی پرسیار و هەڵوێست گرتن زیاتر بورووژێنن.

دواتر  "ترەیگێر" وێڕای هاوڕایی لەسەر ئەوەی هەڵوێستی دەوڵەتی ئامریکا و هەروەها ناوهێنانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن "نیکی هیڵی"ـەوە ووتی کە ئێمە پێمان وایە دەبێت دنیا لە سەر ئەم بابەتە زیاتر دەنگی بەرز بکاتەوە و هەڵوێستێکی گونجاوتری هەبێت.

هەروەها ترەیگێر ووتی کە ئێمە شێلگیرین لە سەر سنووردارکردنی هەڵسووکەتی ئێران لە ناوچەکە و پێمان وایە کە ئێران گەورەترین ڕۆڵی هەیە لە پەرەپێدانی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ئارش ساڵح لە کۆتاییدا وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ووتی کە یەکێک لە گرینگترین هەنگاوەکان بۆ سنووردارکردنی هەڵسووکەت و نفووزی ئێران لە ناوچەکەدا یارمەتیدانی کوردەکانی ئێرانە.

نوێنەری "حدکا" ووتی نابێت لە بیرمان بچێتەوە کە کوردەکان لەو ناوچەیەدا تەنیا نەتەوەیەکین کە لە سەر بنەمای بەها کۆمەڵایتیەکان وەکوو دێموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی ژنان زیاترین نزیکیان بە ڕۆژئاواییەکان هەیە و زیاترین دۆستایەتیان لەگەڵ دۆستەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەدا هەیە.