کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی وڵاتپارێزی دێموکرات لە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە هەولێر

18:17 - 29 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: پارتی وڵاتپارێزی دێموکرات(PWD) سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە شاری هەولێریان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممه ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕێ ١٣٩٧ی هەتاوی، هەیئەتێکی پارتی وڵاتپارێزی دێموکرات بە سەرپەرەستیی "نیزامەدین تاج" (بۆتان) سەردانی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن هەیئەتێکی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات  بە سەرپەرەستیی "محەممەدساڵح قادری" بەرپرسی نوێنەرایەتی حیزبەوە پێشوازی کران.

لەو دیدارەدا دوو لایەن وێڕای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی نوێی ناوچە و بەرەوپێشچوونی خەباتی کورد لە هەر کام لە بەشە داگێرکراوەکانی کوردستاندا، سیاسەتی نوێی ئامریکا دژ بە ڕێژیمی ئێرانیان بە ئەرێنی زانی و کاریگەریەکانی ئەم سیاسەتە نوێیەی ئامریکای لە سەر ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەدا و بە تایبەت بەرتەسککردنی زێدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لە دەستێوەردانەکانی وڵاتان و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەدا، بەجێ زانی.

لەو سەردانەدا هەیئەتی میوان باسیان لەوەش کرد، لەم هەلومەرجەدا به بەراورد لەگەڵ پێشوو، وێڕای ئەوەی کە ئاسۆی خەبات لە ڕۆژهەلاتی کوردستان ڕوونترە، بەڵام زەروورەت و پێداگری لە کاری هاوبەشی لایەنە خەباتکارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستە و هەروەها زەمینەی کاری هاوبەش و یەکڕیزیی هێز و لایەنەکانیش لە هەموو کات لەبارتره.