کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرشۆڕی بۆ تفەنگەکانتان

11:22 - 27 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ داکۆکیی لە کۆڵبەرانی کوردستان، پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەکات.

بە مەبەستی پشتیوانیی لە توێژی کۆڵبەران لە کوردستان، کە دیاردەی کۆڵبەری ئاکامی سیاسەتی پاونخوازی و ناوەندگەرایی ئابووریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کوردستان و هەروەها پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی خەڵکەوە.

خەڵکی کوردستان دژی کوشتاری کۆڵبەران لە کوردستان بە دەستی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، چەندین جار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام هیچ لایەنێکی ڕێژیمی ئێران وڵامدەری داواکارییەکانی خەڵک ناڕازیی کوردستان نییە و کوشتنی بەئەنقەستی کۆڵبەران لەژێر ناوی "قاچاخچی، مۆرەی بێگانە، دەستوپێوەندی بێگانە" و ناو و ناتۆرەی دیکە لە کوردستاندا درێژەی هەیە.

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاڵپشتی له خەڵکی ناڕازی دەکات و دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ خەڵکی کوردستانەوە.