کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرپەیکەری مامۆستا حەقشناس پەردەی لەسەر لادرا

12:36 - 24 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێک بۆ پەردەلادان لەسەر سەرپەیکەری مامۆستا حەقشناس بە بەشداریی شاخەوانان لە خەیرەزنەی شاری سنە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی، ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، واتە لە ڕۆژی جیهانیی کوێستاندا، کۆمەڵێک لە چالاکانی ژینگەپارێز، گرووپەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەروەها خەڵکی شاری سنە، ڕێوڕەسمێکی هاوبەشیان لە خەیرەزنەی شاری سنە بەڕێوە برد.

لەم رێوڕەسمەدا لە کەسایەتیگەلێکی ناسراو وەکوو مامۆستا "ماجد مەردۆخ ڕۆحانی" و مامۆستای هونەرمەند "هادی زیائەدینی" تێیدا بەشدار بوون، پەردە لەسەر سەرپەیکەری شاعێری بەناوبانگی سنەیی، مامۆستا مەحیەدین حەقشناس ـ خولقێنەری ـ "کۆمەڵەشێعری شارەکەم سنە" لادرا.

لەم ڕێوڕەسمەدا چالاکانی ژینگەپارێزی، به دروشمگەلێکی وەک "دارستانەکانی زاگرۆس لە نێو هەڕەشەی ئاگر و تەوردا"و "نا بۆ بڕینەوەی دارەکانی زاگرۆس" ، لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆسیان مەحکووم کرد.

مەحیەدین حەقشناس، شاعێر و ئەدیبی کورد، لە ساڵی ١٣٠٣ی هەتاوی، لە شاری سنە لە دایک بوو، ناوبراو بە گەڕاندنەوەی تایبەتمەندییەکانی خەڵکی کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکانی شاری سنە، کتێبێکی لەژێر ناوی "کۆمەڵەشێعری شارەکەم سنە" لە چاپ دا.

حە‌قشناس، یەکێک لە بەناوبانگترین شاعێرەکانی شاری سنە بوو و چەندین جار وەکوو "کەسایەتیی هەڵکەوتوو" هەڵبژێردرا.

ئەم شاعێرە بەناوبانگەی کورد، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، بە هۆی پیرییەوە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.