کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوەی ئاوی شارە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان لێڵ بوونە

11:38 - 5 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: پاش ڕوودانی بوومەلەرزەی شەوی ڕابردوو کە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشووریشی هەژاند، سەرچاوە ئاوییەکانیش لە شارەکانی پارێزگای کرماشاندا لێڵ بوونە و کێشەی خەڵکیان چەند قات زیاتر کردووەتەوە.

ڕەزا داوودی، جێگری بەهرەبەرداریی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان، باسی لەوە کردووە کە پاش ڕوودانی بوومەلەرزەکەی دوێنێ شەو کە خەساری مادی زۆریشی بەدواوە بوو، سەرچاوە ئاوییەکانی شارەکانی گێڵانغەرب، سەرپێڵ زەهاو، رێژاو و کرێندغەرب لە پارێزگای کرماشان تووشی لێڵی بوونە.

ناوبراو پاشلەرزە بچووکەکانی دوای بوومەلەرزەکەی بە هۆکاری سەرەکی لێڵ بوونی ئاوی سەرچاوە ئاوییەکان زانیوە.

داوودی هەروەها باسی لەوە کردووە که تا ئێستا پچڕانی ئاو ڕووی نەداوە و تەنیا سەرچاوەکان لێڵ بوونە کە تا ئێستا ئاوی مەعدەنی و تانکری ئاو توانیویە وڵامدەری پێویستییەکانی خەڵک بێت.

لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە لەم شارانەدا، نەبوونی ئاوی خواردنەوە کێشەی خەڵک زیاتر دەکاتەوە؛ ساڵی ڕابردووش خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی شاری سەرپێڵ ئاوی خواردنەوەیان نەبوو و تووشی کێشە و گرفتی زۆر بوون، بۆیە زۆرتر لە هەرشتێک داوایان لە خەڵک دەکرد کە ئاویان بۆ دابین بکەن.