کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری تورکیە مامڵە بە فاشیستبوونی خۆی دەکات

10:15 - 2 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرکۆماری تورکیە لە لێداونێکدا باسی لەوە کردووە ئەگەر ئێمە تورکپەرەستی بکەین، کوردیش مافی خۆیەتی کوردپەرستی بکات.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی،  "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرکۆماری تورکیه لە وتارێكیدا لەبەردەم پارلەمانی ئەو وڵاتەدا بەتوندی ڕەخنەی لە گوتنەوەی سوێندی توركپەرستان بۆ قوتابخانەكانی توركیه گرت و گوتی ئەگەر ئێوە توركپەرستی بكەن، ئەوا كوردیش مافی خۆیەتی كوردپەرستی بكەن.
ئەردۆغان گوتیشی: "من توركم، بەڵام توركپەرستی ناکەم. ئەگەر ئێمە تورکپه‌رستى بکەین، ئەوا مافی کوردیشە، کوردپه‌رستى بکەن".

لە دوای ئەوەی کە دادگای باڵای تورکیە بڕیاری دا کە دەبێ هەموو قوتابییەکانی قوتابخانەکانی تورکیە سروودی سوێندی نەتەوەپەرەستی بخوێنن، ئەردۆغان ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕی.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، "من تورکم، بەڵام تورکپەرستی ناکەم، تورکبوون و تورکپەرستی جیاوازە. ئاینەکەمان ڕەگەزپەرستیی قەدەغە کردووە، ڕەگەزپەرستی تێدا نییە. هەموو نەتەوەیەک دەتوانێت شانازی بەناسنامەی خۆیەوە بکات. چ تورک، چ کورد و تەواوی نەتەوەکانی دیکە دەتوانن شانازی بەناسنامەی خۆیانەوە بکەن، بەڵام نابێ ڕەگەزپەرستی بکەن".

ئەو لێدوانەی سەرکۆماری تورکیە دژی تورکپەرەستی تەنیا بۆ فریودانی بیروڕای گشتی و لاوازکردنی بیری ناسیۆنالیستی لە کوردستانی باکووره.

 لێدوانی ئەردۆغان لە کاتێکدایە ناوبراو چەندین جار باسی لەوە کردووە، لە تورکیە یەک نەتەوە هەیە ئەویش تورکه.

لەو بارەیەوە چالاکانی سیاسیی کورد باس لەوە دەکەن ئەو قسەیەی ئەردۆغان بۆ فریودانی خەڵکی کوردستانی باکووره، چونکە ماوەیەکی دیکه هەڵبژاردنی شۆرای شارەکانی لە تورکیە و کوردستانی باکوور دەست پێ دەکات و لەو ڕێگایەوە دەیهەوێت زۆرینەی دەنگەکان بۆ خۆی پارتەکەی مسۆگەر بکات.