کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری یەمەن ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی دەربڕی

16:57 - 22 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری یەمەن لە وتارێکدا ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتی یەمەن دەربڕی و ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک لە سیخوڕەکانی سوپای پاسدارانیان لەو وڵاتە دەستبەسەر کردووە.

عەبد ڕەبە مەنسوور هادی، سەرکۆماری وڵاتی یەمەن، ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ۱٤ی ئۆکتۆبر، لە وتارێکی خۆیدا بەبۆنەی پەنجاوپێنجەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی وڵاتەکەی، ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت وڵاتی یەمەن دەبڕی و ڕایگەیاند: "ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵ ئەدات دەست بە سەر ناوچەکەدا بگرێت و ئیمپراتووریەتێکی فارسی دابمەزرێنێت".

عەبد ڕەبە مەنسوور هادی، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە لەو وڵاتە کۆمەڵێک لە سیخوڕەکانی سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنانیان دەستبەسەر کردووە؛ وتیشی: "ئەو کەسانە کە دەسبەسەر کراون، لە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکانیان دانیان بەوە داناوە کە کار بۆ دەزگا سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن و لە خزمەتی پرۆژە دەستدرێژکەرییەکانی ئەو ڕێژیمە بە مەبەستی دامەزراندن و پەرەپێدانی ئیمپراتووریەتی فارسی لە ناوچەکەدان".

سەرکۆماری یەمەن لە بەشێکی دیکەی قسەکانی جەختی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین کە ڕووداوی شاری "سەنعا" جارێکی‌تر دووپات ببێتەوە و لە نێوان باشوورییەکانی یەمەن شەڕ و ئاژاوە دروست بکرێت.