کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران وڵامی نێتانیاهووی دایەوە

18:59 - 21 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: "عیسا کەلانتەری"، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، لە دوای قسەکانی نێتانیاهوو بۆ ڕزگاربوونی ئێران لە قەیرانی کەمئاوی و بێئاوی، وڵامێکی توندی بە ناوبراو دایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "عیسا کەلانتەری"، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، ڕوو لە قسەکانی "بێنیامین نێتانیاهوو" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ چارەسەریی قەیرانی کەمئاوی لە ئێراندا، هێرشی کردە سەر نێتانیاهوو و وتی: "نێتانیاهوو غەڵەت دەکات، ژینگەی ئێران چ ڕەبەتی بە نێتانیاهوووە هەیە؟"

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران زۆر بێ‌ئەدەبانە و دوور لە عۆرفی سیاسی بەرپرسێکی باڵا وڵامی نێتانیاهووی داوەتەوە.

دوای ئەوەی که بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گرتە ڤیدئۆییەکدا لە پەیجی فەرمیی خۆی، پیشنیاری بە خەڵکی ئێران کرد، کە تکنولۆژییەکانی وڵاتەکەی بۆ چارەسەریی قەیرانی ئاو و پاڵاوتنی ئاوەڕۆ بە خەڵکی ئێران دەدا، عیسا کەلانتەری هێرشی کردە سەری.

دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ پێدانی ئەو زانیارییانە بە خەڵکی ئێران، ماڵپەڕێکی دروست کردووە و شێوەی پاڵاوتنی ئاو و ئاوەڕۆیان پێ فێر دەکات و هەروەها وەرزێرانی ئێرانی فێر دەکات، کە چۆن دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان بپارێزن.

نێتانیاهوو لە باسەکانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە وڵاتەکەی ئاگادارە کە ڕێژیمی ئێران بە بەڕێوەبەریی هەڵە و دزینی سەرچاوە ئاوییەکان، ژینگەی ئێرانی تووشی مەترسی کردووە.

کەمئاوی لە ئێراندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیرانیتر دەبێت و هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانە پرۆژە ئاوییە ناکارناسانە و سیاسەتە فاشیستییەکانی ئەو ڕێژیمەیە، کە دەیەوێت ناوەندی ئێران کە بیاوانە و قەیرانی ئاوی هەیە، بە تاڵانکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکانی دیکە بەتایبەت کوردستان، چارەسەر بکات.