کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەری سەرکۆماریی ڕێژیم بێ کڵاو دەمێنێتەوە!

11:42 - 15 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پیلانی نوێی ڕێژیم بۆ زیاتر میلیتاریزەکردنی وڵات، بە بیانووی نیگەرانیی لە نەبوونی کەسی شیاو بۆ سەرکۆماریی ڕێژیم خۆی پیشان دەدات. 

محەممەدتەقی مسباحی یەزدی، ئەندامی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیم، بە بۆنەی نزیکبوونەوە ساڵیادی دەسبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی عەقیدەتی ـ سیاسیی حەفازەتی سپای پاسداران، باسی لەوە کردووە، کە یەکێک لە لاوازییەکانی نیزام (خامنەیی) ئەوەیە کە کەسی پێویستی بۆ بەربژێریی سەرکۆماریی لە بەردەستدا نییە.

ناوبراو لەم بارەوە وتوویەتی: ئەمڕۆ چەند بەربژێری گونجاو بۆ سەرکۆماریی شک دەبەن؟ هیچ ڕێگایەکمان نییە کە کەسێک لە بەرچاو بگرین کە لە کەسانی دیکە باشتر بێت، نە ئەوەی کە بەتەواوەتی ئیدەئاڵ بێت. ئەمە بەو مانەیە کە لە بیری پێگەیاندنی کەسی باوەڕمەند و لێزان نەبووین. یەکێک لە لاوازییەکانی ئێمە ئەوەیە، کە لەم بارەوە کەمتەرخەم بووین و هەتا دەرفەتمان هەیە ئەم کەمتەرخەمییە قەرەبوو بکەینەوە و بۆ ئەم کارە پێویستمان بە ٢٠ ساڵە.

مسباحی یەزدی، کە دامەزرێنەر و بەڕێوبەری دامەزراوەی ڕاهێنان و توێژینەوەی خومەینییە، هەم ئاماژەی بە نەبوونی کەسی گونجاو و ئیدەئاڵ بۆ سەرکۆماریی ڕێژیم کردووە و هەمیش وتوویەتی: دەبێت بۆ ئەم مەبەستە "کەسایەتی‌سازی" بکەین و بۆ ئەم کارە دامەزراوەی عەقیدەتی ـ سیاسیی سپای پاسداران نموونە و سەرچەشنە.

نیگەرانییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و کەسە بەرچاوەکان بۆ سەرکۆماریی داهاتووی لێڵی ڕێژیم، بە هۆی نیگەرانبوون لەمەڕ باردۆخی وڵات نییە، بەڵکوو نیگەرانییەکان لەم بارەوە، یەکەم بۆ نیگەرانیی لە هەمبەر دەسەڵات و بەرژەوەندیی خۆیان و دووهەم بۆ زیاتر میلیتاریزەکردنی وڵات لە ڕێگای سپای پاسداران دەگەڕێتەوە.